Accessibility links

کەوتنەوەی ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا گیان لەدەسـتدانی 11 کۆرپەی لێدەکەوێتەوە


کاربەدەسـتانی تەندروستی عێراق دەڵێن بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێـک لە نەخۆشخانەیەکی بەغدای پایتەخت 11 منداڵی تازە لە دایکبوو گیانیان لەدەسـتداوە.

ئەحمەد ئەلڕودەینی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروسـتی گوتی ئاگرەکە لە درەنگە شەوی سێشەممە لە بەشی ژنانی نەخۆشخانەی یەرموک هەڵگیرسا و پاشان بەرەو قاوشی کۆرپەی پـێش وەخت لە دایکبوو تەشەنەی کرد.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە کاتی کەوتنی ئاگرەکە 18 کۆرپە و 29 ژن لە بەشەکە بوون و توانراوە هەموو ژنەکان و 7 کۆرپە ڕزگاربکرێن، بەڵام 11 لە کۆرپەکان بەهۆی دوکەڵ و ئاگرەکەوە گیانیان لەدەسـتداوە.

کاربەدەسـتێـکی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت 3 لەو کۆرپانەی ڕزگارکراون سەرەتا لە بارێـکی تەندروسـتی خراپدا بوون پاش ئەوەی دوکەڵێـکی زۆر چووبووە نێو سیـیەکانیانەوە.

تیمەکانی فریاکەوتن ڕزگاربووەکانیان بۆ نەخۆشخانەی مەدینەت ئەلتوب (مدينة الطب) گواستووەتەوە. بەپـێی لێـکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان پـێدەچێت شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرەکە بووبێت.

ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیـیەکان بەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم نەخۆشخانەکە گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. دەڵێن حکومەت لەم کارەساتە بەرپـرسیارە.

جێی ئاماژەیە لە مانگی پـێنجی ڕابردووش ئاگرێـک لەم نەخۆشخانەیە کەوتەوە کە بە یەکێـک لە نەخۆشخانە گەورەکانی پایتەخت دادەنرێت، بەڵام هیچ زیانێـکی گیانی لێ نەکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG