داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیەی ناوچەی بەیاعی باشوری بەغدای پایتەخت ڕاگەیاند، ئەوەی بووە مایەی کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی سیڤیل.
تەقینەوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەنجامدرابوو بە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە نێو پـێشەنگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە بەیاع کە ناوچەیەکی زۆرینە شیعەیە.
عەمید سەعد مەعەن گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە بەیانـنامەیەکدا ئاماری قوربانیـیەکانی ڕاگەیاند. نووسیویەتی لە ئاکامی تەقینەوەکە بە لایەنی کەم 45 کەس کوژراون و 49 کەسیش برینداربوون.
داعش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکەی ناسراو بە ئەعماق بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و دەڵێت کۆمەڵێـک شیعەی کردووەتە ئامانج.