Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق فەرمانی قەدەغەی گەشتکردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک پەرلەمانتار دەدات

  • VOA News

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە فەرمانی کردووە بە شێوەیەکی کاتی قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بسەپـێنرێت بەسەر هەموو ئەوانەی ناویان بە گەندەڵی هاتووە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان.

خالید عوبێدی وەزیری بەرگری عێراق دوێنێ دووشەممە بانگهێشتی دانیشتنێـکی پەرلەمان کرا بە مەبەستی لێپـرسینەوە لەگەڵی سەبارەت بە گەنەدەڵی نێو وەزارەتەکەی، بەڵام ئەو هەریەک لە سەلیم ئەلجبوری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران محەمەد کەربولی و عالیە نسەیف و حەنان فەتلاوی بە گەندەڵی تاوانبارکرد.

سەلیم جبوری تۆمەتەکانی عوبێدی ڕەتکردەوە و بە ڕۆژنامەوانانی گوت " ئەو قسانەی وەزیری بەرگری هیچ بنەمایەکی ڕاستیـیان نیـیە و تەنیا شانۆگەریـیەکە بۆ خۆدزینەوە لە لێپـرسینەوەکە."

هاوکات لە میانەی دانیشتنەکەی پەرلەمان ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران داوایانکرد پەناپارێزی پەرلەمانی لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و ئەو سێ پەرلەمانتارە لاببرێت و بدرێنە دادگا.

خالد ناسر بەرپـرسی ئۆفیسی جبوری لای خۆیەوە ڕایگەیاند دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن تەنیا کاری دادگایە و دادگاش کاتێـک ئەو بڕیارە دەدات کە سکاڵایەکی یاسایی لە دژی کەسەکە تۆمارکرابێت. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەتا ئێسـتا هیچ سکاڵایەک لەسەر ئەوانەی ناویان براوە تۆمار نەکراوە.

XS
SM
MD
LG