Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق بڕیاری لادانی ژمارەیەک کاربەدەسـتی ئاسایشی بەغدا لە پـۆستەکانیان دەدات

  • VOA News

سەرۆک وەزیری عێراق بڕیاری داوە ژمارەیەک کاربەدەسـتی ئاسایشی بەغدای پایتەخت لە پـۆستەکانیان لابدرێن، ئەمەش پـێدەچێت کاردانەوەیەک بێت لە بەرامبەر تەقینەوە بەهێزەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ناوچەی کەڕادە.

ئەمڕۆ هەینی ئۆفیسی سەرۆک وەزیر لەسەر فەیسبوکەکەی ڕایگەیاند حەیدەر عەبادی فەرمانی کردووە فەریق عەبدولئەمیر ئەلشمەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و کاربەدەسـتانی ئاسایشی و هەواڵگری بەغدا لە پـۆستەکانیان لابدرێن.

بەپـێی میدیاکانی عێراق عەبادی ئەمڕۆ هەینی لە میانەی سەردانیدا بۆ بارەگای فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەم بڕیارەی داوە، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر تەقینەوەکەی کەڕادە کە بووە مایەی کوژرانی 292 کەس و برینداربوونی نزیکەی 200 کەسی دیکە. بەهێزی تەقینەوەکە و زۆری ژمارەی قوربانیـیەکان ناڕەزایـیەکی جەماوەری زۆری لێکەوتەوە. دەڵێن حکومەت کەم تەرخەمە لە پاراستنی خەڵکی لە بەرامبەر هێرشی تێرۆرستان.

پـێشتر ڕۆژی سێشەممە محەمەد سالم ئەلغەبان وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەویش وەکو کاردانەوە بەرامبەر تەقینەوەکە، ڕایگەیاند داوای دەسـت لەکارکێشانەوەی لە پـۆستەکەی کردووە و بۆ سەرۆک وەزیری ناردووە. گوتیشی سیستەمی ئاسایشی وڵاتەکە پـێویستی چاکسازیـیەکی ڕاستەقینە هەیە، بەڵام باسی لەوەش کرد دەزگای هەواڵگری وەزارەتەکەی لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا توانیویەتی 30 هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوە ئاشکرا بکات.

XS
SM
MD
LG