Accessibility links

ڕابەری باڵای ئێران داوا لە ئەحمەدی نەژاد دەکات خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید نەکاتەوە

  • VOA News

کەسانی نزیک لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پـێشووی ئێران دەڵێن ڕێبەری باڵای وڵاتەکەیان داوای لێ کردووە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کاندید نەکاتەوە.

محەمەد ڕەزا میرتاجەدین کە جێگری ئەحمەدی نەژاد بوو لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2013 و هەروەها غوڵام ڕەزا مسباحی موقەدەم ئەمڕۆ دووشەممە ئەم هەواڵەیان پشـتڕاستکردەوە کە لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس موقەدەم ئاشکرای کردووە عەلی خامەنەئی بە ئەحمەدی نەژادی گوتووە خۆی کاندید نەکاتەوە و ئەویش بە قسەی دەکات.

بەمەش ڕکەبەرێـکی سەرەکی لە بەرامبەر حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران نامێنێت لەو هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیـیەی بڕیارە لە مانگی پـێنجی سـاڵی داهاتوو سـازبکرێت.

پـێشتر خامەنەئی گوتبووی کەسـێـکی ڕاسپاردووە خۆی کاندید نەکات تاوەکو دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا ڕوونەدات. بەڵام ناوی ئاشکرا نەکرد.

هەرچەندە ئەحمەدی نەژاد ڕاینەگەیاندبوو کە خوازیارە خۆی کاندید بکات، بەڵام لەم مانگانەی دوایی چەند وتارێـکی دابوو بە شێوەیەک واپێدەچوو خواستی هەبێت بۆ دەسەڵات بگەڕێتەوە.

XS
SM
MD
LG