به‌رپرسی ڕێکخراوی فریاکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران له وتووێژ له گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵنێیری ئیلنا ده‌ڵێت له ساڵی 1394ی هه‌تاوی 4020 هاووڵاتی ئێرانی خۆیان کوشتووه و ئێران ئه‌مساڵ له جه‌دوه‌لی خۆکوشتن دا له پله‌ی 108مین دایه. ئه‌مه له حاڵێکدایه که ساڵی پێشوو له پله‌ی 72ی جیهان دابوو و له هه‌ر 100،000 هاووڵاتی 5 نه‌فه‌ر خۆیان کوشتبوو.
له ئێران دا زیاترین ڕێژه‌ی خۆکوشتن له پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لۆرستان و هه‌مه‌دان بووه و دوای به‌کارهێنانی حه‌بی برنج خۆکوژه‌کان یاخۆیان هه‌ڵواسیوه، یان خویان ده‌رمانخواردوو کردووه. هه‌ندێک لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و له ئه‌وانه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانکۆی کویزله‌ندی ئوستڕاڵیا نیشانی ده‌ده‌ن که هاووڵاتیانی ئێرانی زیاترین ڕێژه‌ی خه‌مۆکیان له جیهان دا هه‌یه.
به‌ڵام ده‌روونناسان و کۆمه‌ڵناسان ته‌نیا خه‌مۆکی وه‌ک هۆکاری ڕێژه‌ی زۆری خۆکوشتن له ئێران ناناسن و به پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه که له ئه‌م باره‌یه‌وه کراوه ئاماژه ده‌ده‌ن به هۆکارگه‌لی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و له ئه‌وانه باسی کێشه‌کانی بنه‌ماڵه، گرفتی ئابووری، کارتێکردنی ناله‌باری دوای شه‌ر له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ده‌که‌ن.
له به‌رنامه‌ی "ڕوانگه"ی ئه‌م حه‌وتووه‌دا، بۆ باس له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته میوانداری به‌ڕێزان دوکتور ئازاد مورادیان، ده‌روونناس له کالیفۆرنیا و دوکتور خالید ته‌وه‌کولی، کۆمه‌ڵناس له کۆردستانی ئێران ده‌که‌ین.