Accessibility links

ئێران هەڵمەتێـکی بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دەسـتپـێکردووە و ژمارەیەک نمایشکاری جلوبەرگی دەسـتگیرکردووە


دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتێـکی نوێـیان دەسـتپـێکردووە بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان و ژمارەیەک نمایشکاری جلوبەرگی ژنانیان دەسـتگیرکردووە کە لەسەر ماڵپەڕ و بڵاگەکان وێنەکانی خۆیان بڵاوکردووەتەوە.

ئەم شەپـۆلی دەسـتگیرکردنە پاش ئەو ڕاگەیاندنەی ڕۆژی شەممەی عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران هاتووە کە گوتبووی ئنتەرنێت بواری کردووەتەوە بۆ بیروبۆچوونی نا ئیسلامیـیانە، بۆیە دەبێت بە توندی ڕووبەڕووی ببنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی تەسنیم ڕۆژی یەکشەممە گوتی 8 ئەندامی تۆڕێـکی نمایشکردنی جلوبەرگ دەسـتگیرکراون و تاوانبارکراون بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنانی سفور لەسەر ئنستگرام کە ماڵپەڕێکە خەڵکی تیایدا ڕەسمی خۆیان بڵاودەکەنەوە.

تەلەفیزیۆنی فەرمی ڕاستەوخۆ دانپـیادانانی یەک لە ژنە نمایشکارەکانی پەخشکرد کە گوتی بە جلوبەرگی تایبەت و سووروسپـیاوەوە وێنەی خۆی لەسەر ئنستگرام بڵاوکردووەتەوە تاوەکو لە ڕێگەی ڕیکڵامەوە پارەی دەسـتبکەوێت.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی نیمچە فەرمی ئیسنا، ئەویش ڕۆژی دووشەممە هەواڵی دەسـتگیرکردنی مەهدی بوتورابی تەمەن 53 سـاڵی ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەری بڵاگی "پرشین بلاگ"ـە، ئەوەی لەوەتای سـاڵی 2001 وە بووبوو بە شوێنـێک بۆ هەزاران گەنجی ئێرانی تاوەکو ڕابۆچوونەکانی خۆیانی تیایدا دەرببڕن.

جێی ئاماژەیە سەنتەری لێکۆڵینەوە لە تاوانی ڕێـکخراو کە سەر بە سوپای پاسدارانە چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت هەرچەندە ئێران فەیسبوک و تویتەر و یوتیوبی بلۆککردووە، بەڵام بە ملیۆنان ئێرانی توانیویانە بە ڕێگەی تەکنیکی ئەو بەربەستانەی حکومەت ببەزێنن، بەڵام ئەگەری لێپـرسینەوە لێـیان هەر دەمێنێتەوە. ساڵی ڕابردوو 3 کوڕ و 3 کچ دەسـتگیرکران بە تاوانی بڵاوکردنەوەی کلیپێـک لەسەر یوتیوب کە تیایدا لەسەر گۆرانیەکی ڕۆژئاوایی سەمایان دەکرد.

XS
SM
MD
LG