Accessibility links

ڕوانگه‌: تاقی کردنه‌وه‌کانی موشکی باڵستیکی له ئێران؛ مه‌ترسی بو سه‌ر ئێسرائیل یان ره‌نگدانه‌وه‌ی شه‌ری ده‌سه‌ڵات له ناوخۆی وڵات؟


Iran's missile test, March 2016
Iran's missile test, March 2016

بەو قسانە بێت کە لەو ڕۆژانەدا لە زاری بەرپرسە گەورەکانی سوپای پاسدارانی ئیران هاتوه، ئه‌و وڵاته تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی لەسەر موشەکێکی بالستیکی نوێ ئەنجامداوە، کە دەتوانێت لە دووری دوو هەزار کیلۆمەترەوە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.

سەرتیپ ئەمیر عەلی حاجی زادە کە یەکێ لە ئەفسەرە گەورەکانی سوپایە، دەڵێت: "ئێران خوازیاری هەڵگیرساندنی هیچ جەنگێک نییە، بەڵام ئەم موشەکانە بۆ پێکان و لێدانی دوورترین دوژمنی ئێمە ڕژێمی زایۆنیستییە." بەپێی وتەبێژانی سوپا، ئێران جیا لەو موشکە دوورهاوێژە، هەر لە ڕۆژانی پێشوودا و لە ناوچە جیاجیاکنی ئێراندا، ئەزمونی نوێی لەسەر موشەکی کورت هاوێژ و ناوەندی و دوور هاوێژ کردوە.

هەروەها ئاژانسە هەواڵنێرەکانی ئێران وێنەیان لەو دوو موشەکە بڵاوکردۆتەوە کە گوایە لە بەرزاییەکانی خۆرهەڵاتی ئەلبورزەوە ناوچەی مکرانیان لە پەروێزەکانی دەریای عومان پێکاوە.

لەدوای ڕێکەوتتنامە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەمە یەکەم نمایشی موشەکی ئێرانە. سەرتیپ حسێنی سەلامیجێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە لێدوانێکیدا بە هەواڵنێری تەسنیمی وتوە کە ئەم موشەکانە دیاری ئەو گەمارۆ ئابوورییەکە کە خرابووە سەر ئێران.

شایەنی باسە ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و زلهێزە خۆرئاواییەکان مەرج و پێوەرێکی بۆ ئێران دانەناوە بەڵام لە بڕیاری 1929 ئەنجومەنی ئاسایشدا داوا لە ئێران کراوە کە دەست لە تاقیکردنەوەی ئەو جۆرە موشەکانە بپارێزێت کە دەتوانن هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی بن. ئێران لەو رووەوە دەڵێت، ئەزموونە موشەکییەکانی ئەو بە هیچ جۆرێک پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش نییە و دەچێتە چوارچێوەی تاقیکردنەوە و پەرەدانەوە بە چەکە ئاساییەکان.

وه‌ک چاودێران ده‌ڵێن ئێستا ئێران دەرگیری هەندێک ململانێی سەربازی سەختە لە سوریا و عێراق و یەمەن، هێند لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆدا نییە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل. جگە لەوە لە ناوخۆی ئێراندا و بەڕەچاوکردنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن دەتوانین بڵێین کە ململانێ لە نێوان باڵی ڕۆحانی لە دەوڵەتدا و باڵی توندڕەوەکاندا پێدەچێت توندی و گرژی زۆرتر بەخۆیانەوە ببینن.

ئێستا پرسیار ئەوەیە که‌ ئایا ئەم تاقیکردنەوە نوێیانە هاوشانی هەڕەشەی توندی سەرانی سوپایە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، پەیوەندی بە ناکۆکییە ناوخۆیەکانی ئێرانەوە هەیە، یاخود هەوڵێکە بۆ ترساندن و بێلایەنکردنی دەوڵەتەکانی ناوچەکە؟ ئایا بەمە سوپای پاسداران دەیەوێت بڵێت کە قسەی یەکەم ئێمە دەیکەین؟ ئایا ئەم ئەزموونانە بۆ پوچەڵکردنەوەی هەرچی زۆرتری هەوڵەکانی ڕۆحانییە، کە بەدوای ئارامی زیاتر و ڕێکەوتنی زۆرتردایە لەگەڵ خۆرئاوا؟

یان ئەوەی دەیبینین سیاسەتی گشتی هەموو باڵەکانی ناو دەوڵەتی ئێرانە، ئاخۆ ئەم ئەزموونانە بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران چ جۆرە کاریگەرییەکیان دەبێت؟ ئایا لە راستیدا ئەمە پەیامە بۆ ئیسرائیل یاخود پەیامێکی ناڕاستەوخۆ و ترساندنێکی مەبەستتدارە بۆ دەسەڵاتداران لە وڵاتی عەرەبستانی سەعودی؟

بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پرسیارانە و هەندێ پرسی دیکەش لە ڕوانگه‌ی ئه‌م حه‌وته‌دا میوانداری به‌رێزان ئازاد که‌ریمی، لێکۆڵه‌ری سیاسی دانیشتوی سوێد و ئازاد شه‌ریفی لێکۆڵه‌ری سیاسی دانیشتوی نۆروێژ دەکەین.

XS
SM
MD
LG