ئه‌و پـیاوه‌ی ئێران ده‌ڵێت زانایه‌کی ناوکیـیه و بێ‌سه‌روشـوێن بووه، وا له به‌شـی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانی ئێران له باڵیوزخانه‌ی پاکسـتان له واشنتن سه‌ری ده‌رکردووه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پاکسـتان عه‌بدول باست ده‌ڵێت کاربه‌ده‌سـتانی ئێران سه‌رقاڵی ڕێـکخسـتنی چۆنێتی گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌هرام ئه‌میرین بۆ ئێران. ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌وا ئه‌میری داوای کردووه به خێرایی به‌ره‌و تاران بیگێڕنه‌وه.
جێی ئاماژه پـێـکردنه شه‌هرام ئه‌میری زانایه‌کی ناوکیـیه و ته‌مه‌نی له سیـیه‌کاندایه و له مانگی شه‌شی 2009 وه بێ‌سه‌روشـوێن بووبوو. پاش چه‌ند مانگێـک وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران مه‌نوچه‌هر موتـته‌کی گوتی لێـکۆڵه‌ره‌وان به‌ڵـگه‌نامه‌یان به‌ر ده‌ست که‌وتووه که نیشـانی ده‌دات ئه‌مه‌ریکا ده‌سـتی له دیارنه‌مانی شه‌هرام ئه‌میریدا هه‌یه. وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاش لای خۆیه‌وه نکۆڵی ده‌کات له‌وه‌ی ده‌ستی له مسه‌له‌که‌دا هه‌بێت.
ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌ڵێت شه‌هرام ئه‌میری ڕۆژی سێشه‌ممه به ته‌له‌فون به یه‌کێـک له په‌یامنێره‌کانی گوتووه ڕفاندنه‌که‌ی ڕسوایی‌یه‌که بۆ ئه‌مه‌ریکا.
ئه‌میری نه‌یگوتووه ئه‌و چۆن گه‌یشـتۆته به‌شی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانی ئێران له باڵیۆزخانه‌ی پاکسـتان له واشنتن.
مانگی ڕابردوو چه‌ند ڤیدیۆیه‌ک له‌سه‌ر ئنته‌رنێت بڵاوکرایه‌وه و تیایدا شه‌هرام ئه‌میری له یه‌کێـکیاندا ده‌ڵێت ئه‌و له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه ڕفێندراوه و له یه‌کێـکی دیکه‌دا ده‌ڵێت ئه‌و له ده‌ستی موخابه‌راتی ئه‌مه‌ریکی ڕایکردووه و له سێـیه‌م ڤیدیۆدا ده‌ڵێت ئه‌و له ئه‌مه‌ریکا ئازاده و ژیانی پارێزراوه و سه‌رقاڵی خوێندنه.