Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی باڵای بانکێکی تورکیا لە ئەمەریکا دەسـتگیردەکرێت

  • VOA News

ئەمەریکا کاربەدەسـتێـکی گەورەی بانکێـکی فەرمی تورکیای دەسـتگیرکردووە بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئێران لە بازدان بەسەر سزاکانی ئەمەریکا بەسەری سەپاندووە.

خەڵک بانک Halkbank کە دەوڵەتی تورکیا خاوەنێتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاندمحەمەد حەقان ئەتێلا جێگری بەڕێوەبەری گشتی بانکەکەیان کە بەرپرسە لە کارە نێودەوڵەتیەکانیـیان لە 28 ی مانگی سێ لە ئەمەریکا دەسـتگیرکرا.

محەمەد حەقان ئەتێلا دوێنێ سێشەممە لە بەردەم دادگایەکی نیویۆرک دوو تۆمەتی ئاڕاستە کرا، یەکەمیان سەرپـێچیکردنی یاسای سەپاندنی سزای ئەمەریکا بەسەر ئێران و دووەم ساختەکاری بانکی. ئەگەربێت و ئەو تۆمەتانەی بەسەردا ساغ ببێتەوە ئەوا ڕەنگە هەتا 50 سـاڵ حوکمی زیندانی بدرێت.

دەڵێن ناوبراو بۆ چەند ساڵێکە کاری لەگەڵ کاردارێکی تورکی ئێرانی بە ناوی ڕزا زەراب کردووە هەتا حکومەتی ئێران و دەزگاکانی دیکەی ئێران لە سزاکانی ئەمەریکا دەربازیان ببێت.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی دەستگیرکردنی ئەتێلا یەکێـک لەو پرسانە دەبێت کە لەگەڵ ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتووێژی لەسەر دەکەن. بڕیارە تیلەرسن لەم هەفتەیەدا سەردانی ئەنکەرە بکات بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای تورکیا، لەوانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا.

XS
SM
MD
LG