Accessibility links

ئێران و تورکیا: کۆکین لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا


وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تورکیای کرد و لەوێ لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووە بە مەبەستی تاووتوێکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەتی لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی مانگی ڕابردوو.

محەمەد جەواد زەریف ئەمڕۆ هەینی لە ئەنکەرە لەگەڵ هاوتا تورکەکەی مەولود چاوش‌ئۆغڵو کۆبووەوە و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان سـازکرد.

زەریف گوتی ئێران وەها دەبینێت ئاسایشی نەتەوەیی خۆی گرێدراوە بە ئاسایشی تورکیاوە، بۆیە هەر بەو چاوەوە لە هەوڵی کودەتاکەی ڕوانیبوو و لە کاتی خۆیدا ڕایگەیاند لە پاڵ خەڵکی تورکیا دەوەستێت و بەردەوامیش دەبێت لەوەی لە پاڵیدا بمێنێتەوە.

چاوش‌ئۆغڵو لای خۆیەوە گوتی ئاسایش و ئارامی ئێران لە ئاسایش و ئارامی تورکیایە، وە وڵاتەکەشی درک بەوە دەکات ئێران هەمان تێڕوانینی هەیە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد شەوی هەوڵی کودەتاکە زەریف چوارپـێنج جار پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵدا کردووە بۆ دڵنیابوون لە ڕەوشی تورکیا و بۆ ڕۆژی دوایـیش چەند جارێـک بۆ هەمان مەبەست پەیوەندی پـێوە کردووەتەوە. بۆیە سوپاسی ئێرانی کرد لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی کە لە پاڵیاندا وەستانەوە لە کاتی هەوڵی کودەتاکەدا.

پاشان وەزیری دەرەوەی تورکیا هاتە سەر باسی پەکەکە و پـژاک و یەپەگە و پەیەدە، گوتی هیچ جیاوازیـیەک لە نێوان ئەم ڕێکخراوانە نیـیە و هەموویان سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ ئێران و تورکیا.

سەبارەت بە قەیرانی سوریا، چاوش‌ئۆغڵو گوتی لەگەڵ زەریف لەم بارەیەشەوە وتووێژیان کردووە، هەرچەندە لەسەر چەند بابەتێـکی نێو ئەو وڵاتە تێڕوانینی جیاوازیان هەیە، بەڵام لەسەر کۆمەڵێـک بابەتی دیکە کۆکن، لەوانە یەکپارچەیی خاکی سوریا و شەڕی دژی گروپە تێرۆرستەکان.

زەریف لای خۆیەوە دووپاتی کردەوە یەکپارچەیی خاکی سوریا بۆ هەردوولایان گرنگە، بەڵام گوتی خەڵکی سوریا مافی ئەوەی هەیە ئایندەی خۆی دەسنیشان بکات. ئەمەش مەبەستی ئەو وڵاتانەیە کە داوا دەکەن بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەسـتبەرداری دەسەڵات ببێت، لەوانە تورکیا.

هاوکات خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر گەڕانەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا بۆ دۆخی جارانی و گوتی دەبێت ئێران و تورکیا و ڕووسیا لە پاڵ یەکتردا کاربکەن بۆ نەهێشتنی توندڕەوی و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە.

لە بەشێـکی کۆنگرە هاوبەشەکەیان هەر یەک لە چاوش‌ئۆغڵو و زریف باسیان لە گرنگی پەیوەندی ئابوری نێوان هەردوو وڵات کرد. وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی هەردوو وڵات خوازیارن ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بگاتە بەهای 30 ملیار دۆلار لە ساڵێـکدا. زەریفیش جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیـیە ئابوریـیەکان کردەوە و گوتی ئامادەن ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ تورکیا زیاتر بکەن.

XS
SM
MD
LG