Accessibility links

ئێران دەڵێت سعودیـیە باڵیۆزخانەکەی لە یەمەن بۆردمانکردووە

  • VOA News

ئێران دەڵێت فڕۆکەی جەنگی عەرەبسـتانی سعودیـیە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردومانکردووە و لە ئاکامدا زیان بەر باڵیۆزخانەکە کەوتووە لەگەڵ ژمارەیەک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکە برینداربوون.

حسێن جابر ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پـێـنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بۆردومانەکە بە مەبەست بووە و ئەمەش پـێشـێلکردنێـکە بۆ ڕێکەوتنـنامە نێودەوڵەتیـیەکانی پەیوەستن بە پاراستنی شوێنە دیپـلۆماسیـیەکان. گوتیشی عەرەبسـتانی سعودیـیە بەرپـرسیاردەکرێت لەو زیانانەی بەر باڵیۆزخانەکە کەوتوون و هەروەها لە باری تەندروسـتی کارمەندە بریندارەکانیش.

عەمید ئەحمەد عسێری گوتەبێژی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی عەرەبسـتانی سعودیـیە بۆ شەڕی یەمەن گوتی لەو ئیدیعایەی ئێران دەکۆڵینەوە. بەڵام گوتیشی شەوی ڕابردوو هێرشێـکی ئاسمانی چڕیان کردووەتە سەر شوێنەکانی هەڵدانی موشەک لە سەنعا، ئەوانەی حوسیـیەکان بەکاریان دەهێنن. ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد کە حوسیـیەکان شوێنی سیڤیلی بەکاردەهێنن، لەوانە باڵیۆزخانە چۆڵکراوەکان.

پاشان گوتی ئەوان داوایان لە هەموو وڵاتان کردووە زانیاریان بدەنێ لە بارەی شوێنە دیپـلۆماسیـیەکانیان لە یەمەن.

XS
SM
MD
LG