Accessibility links

بەحرەین و سودانیش پەیوەندی دیپـلۆماسیـیان لەگەڵ ئێران دەبڕن و ئیمارات نزمی دەکاتەوە


لە کاردانەوە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە ئێران کراونەتە سەر شوێنە دیپـلۆماسیـیەکانی عەرەبسـتانی سعودیـیە، هەردوو وڵاتی بەحرەین و سودانیش چوونە پاڵ عەرەبسـتانی سعودیـیە و پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا بڕی.

وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرەین ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند مورتەزا سنەوبەری کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئێرانی بانگهێشتکردووە و بە فەرمی بڕیارەکەی پێ ڕاگەیاندووە و ماوەی 48 کاژمێری بە شاندی دیپـلۆماسی ئێران داوە وڵاتەکەی جێبهێڵن.

وەزارەتەکە گوتیشی "هێرشەکانی کراونەتە سەر باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی عەرەبسـتانی سعودیـیە لە ئێران پـێشـێلکردنێـکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ یاسا نێودەوڵەتیـیەکان و شێوازێکی زۆر مەترسیدارە بۆ سیاسەتە تایفیـیەکانی کە ناکرێت لە ئاستیاندا بێ دەنگ بین یان قبوڵی بکەین."

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکایەتی سودانیش بڕیارێـکی هاوشێوەی داوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی عەرەبسـتانی سعودیـیە ڕایگەیاند فەریق تەها عوسمان بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکایەتی سودان پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی کردووە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز جێگری شازادەی تاج و وەزیری بەرگری سعودیـیە و پێی گوتووە کۆماری سودان بڕیاری داوە باڵیۆزی ئێران و تەواوی شاندی دیپلۆماسی ئێرانی لە سودان دەربکات و هەروەها باڵیۆزی سودان بۆ ئێران بانگهێشت‌بکرێتەوە. جەختی لەوە کردووەتەوە خەرتوم دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکە شەرمەزار دەکات لەگەڵ کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر باڵیۆزخانەی سعودیـیە لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە شاری مەشهەد.

هاوکات وڵاتی ئیماراتی عەرەبیش بڕیاری دا ئاستی پەیوەندیـیە دیپلۆماسیـیەکانی لەگەڵ ئێراندا نزمبکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەمڕۆ ڕایگەیاند سەیف ئەلزعابی باڵیۆزی ئیمارات بۆ تاران بانگهێشتکراوەتەوە و پەیوەندیـیەکان بۆ ئاستی کاربەڕێکەر باڵیۆزخانە نزمکراوەتەوە و بڕیاریش دراوە ژمارەی دیپـلۆماتانی ئێرانیش لە ئیمارات کەم بکرێتەوە.

جێی ئاماژەیە شەوی شەممە خۆپـیشـاندەرانی ئێرانی هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیـیە لە تاران و کەوتنە سووتاندنی لایەکی باڵیۆزخانەکە، ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر سەپاندنی سزای مەرگ لە لایەن عەرەبسـتانی سعودیـیەوە بەسەر نمر باقر ئەلنمر کەسایەتی ئاینی شیعە لە سعودیـیە.

عەرەبسـتانی سعودیـیە لە ڕۆژی یەکشەممەوە پەیوەندیـیە دیپلۆماسیـیەکانی لەگەڵ ئێراندا بڕی.

XS
SM
MD
LG