Accessibility links

ڕووسیا بەنیازە هێرشی ئاسمانی زیاتر لە ئێرانەوە بۆ سەر سوریا ئەنجام‌بدات


فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ دووهەم ڕۆژ لە ئێرانەوە هەڵفڕین بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سوریا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت فڕۆکەکانیان لە بنکەی ئاسمانی هەمەدان لە ئێرانەوە هەستاون و چەکدارانی داعشی لە سوریا کردۆتە ئامانج. یەکەم قۆناغی هێرشە ئاسمانیـیەکانی سوریا لە ڕۆژی سێشەممەدا جگە لە داعش هەروەها کۆمەڵەی جیهادیـیەکانی جەبهەت فەتح ئەلشامی کردە ئامانج ئەوانەی پێشتر بە جەبهەت ئەلنوسرە ناسرابوون.

سێرگێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەتکردەوە کە گوتوبوی ڕەنگە ئەو فڕۆکانەی ڕووسیا بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەو ەیەکگرتووەکان بۆ بەربەندکردنی فرۆشتن و یا گواستنەوەی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئێران پێشێلبکات.

عەلی لاریجانی وتەبێژی پەرلەمانی ئێران هەروەها جەختیکردە سەر ئەوەی ئێران بنکەی ئاسمانی خۆی بە شێوەیەکی هەمیشەیی نەداوەتە ڕووسیا.

جێ ئاماژەیە ڕووسیا لەوەتای مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو هێرشی ئاسمانی لە سوریا دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی بەشار ئەلئەسەد، بەڵام هەتا ئەم هەفتەیە فڕۆکەکانی ڕووسیا لە سوریا یان لە خاکی ڕووسیاوە بۆ ئەم مەبەستە هەستاون.

XS
SM
MD
LG