Accessibility links

یوکیا ئەمانۆ: ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێران پتەو نیـیە


بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم دەڵێت هێشتا ڕێـکەوتنە ناوکیـیەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان پتەو نیـیە و ڕەنگە چەند هەڵەیەکی بچوک ئاکامی خراپـیان لێبکەوێتەوە.

یوکیا ئەمانۆ لە چاوپـێکەوتنێـکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمان npd کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، گوتویەتی جێبەجێـکردنی ڕێکەوتنەکە هێشتا لاوازە و ڕەنگە هەڵەی تەکنیکی بچوک و جێبەجێ نەکردنی شتێـکی بچوک ببنە مەسەلەی سیاسی گەورە و ئاکامی خراپی گەورەیان بەسەر ڕێکەوتنەکەدا هەبێت.

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم دەڵێت هەتا ئێستا ئێران پابەندە بە بڕکەکانی ڕێکەوتنەکە کە بریتین لە کەمکردنەوەی ئەو یۆرانیۆمە پـیتێنراوەی عەمباری کردووە لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو سەنتەرفیوجانەی بەکاریان دەهێنێت بۆ پـیتاندنی یۆرانیۆم.

بەڵام ئێران سکاڵا دەکات و دەڵێت ئەمەریکا ئەرکەکانی سەر شانی خۆی بەپـێی ڕێکەوتنـنامەکە جێبەجێ ناکات. تاران داوا دەکات واشنتن هەوڵی زیاتر بدات بۆ هاندانی بانکەکان لەوەی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکەن، بەڵام زۆرێـک هەن مەترسیـیان هەیە لەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا ئەو سزایانەی ئەمەریکا پـێشێلبکات کە هێشتا بەسەر ئێرانی سەپاندوون.

بەپـێی ڕێکەوتنەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان دەبێت ئێران داواکاریـیەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی جیبەجێی بکات و لە بەرامبەردا وردە وردە سزاکانی لەسەر لاببرێت.

XS
SM
MD
LG