Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایش ڕێکەوتنی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان پەسەند دەکات

  • VOA News

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێـکڕای دەنگ ڕێکەوتنی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهانی پەسەندکرد، ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە شاری ڤیەننای نەمسا مۆکرا بە مەبەستی سنووردارکردنی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران لە بەرامبەر لابردنی سزاکانی سەر ئێران.

ڕۆژی دووشەممە لە دەنگدانێـکدا هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە ڕێکەوتنەکەیان پەسەندکرد، بەمەش ڕێگە خۆشدەبێت بۆ سووککردن و لابردنی سزاکانی سەر ئێران، ئەوانەی لە سـاڵی 2006 وە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە حەوت جار دانرابوون.

سامانثا پاوەر باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە گوتی جێبەجێـکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و لابردنی سـزاکانی سەر ئێران بەندە بە وابەسـتەیی ئێران بە ڕێـکەوتنەکە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی.

هۆشداری ئەوەی دا ئەمەریکا ئامادەیە سەرلەنوێ سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە ئەگەر بێت و حکومەتی ئێران خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد.

جەختی لەسەر ئەوەش کرد ئەمەریکا سزاکانی دیکەی سەر ئێران دەهێڵێتەوە، ئەوانەی پەیوەست نین بە بەرنامە ناوکیـیەکە، وەکو ئەو سزایانەی پەیوەستن بە مافەکانی مرۆڤەوە.

ڤیتالی چورکین باڵیۆزی ڕووسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەویش لای خۆیەوە گوتی "ئێمە نەک تەنها پەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە، بەڵکو سەردەمێـک، ئەمەش لە ڕێگەی خولقاندنی واقیعێـکی نوێ." گوتیشی خوازیارە هەموو وڵاتان بە خێرایی لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا بگونجێن و بەشداری بکەن لە سەرخستنی ڕێکەوتنەکە.

فڕانسوا دیلاترێ باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەویش هۆشداری دا کەوا چەند هەفتەی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن و هەنگاو بە هەنگاو هەڵیدەسەنگێنن ئایا ئێران خواستی سەرخستنی ڕێـکەوتنەکەی هەیە یان نا.

XS
SM
MD
LG