گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت واشنتن به نیاز نیـیه ئه‌و واده‌یه درێژبکرێته‌وه که بۆ گه‌یشتن به ڕێکه‌وتنێـکی کۆتایی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا دانراوه له باره‌ی به‌رنامه ناوکیـیه‌که‌یه‌وه.
جێف ڕاثکه گوتیشی ئه‌وان له کۆمه‌ڵی 5+1 هێشـتا یه‌ک ده‌نگن له هه‌وڵه‌کانیاندا بۆ گه‌یشتن به ڕێکه‌وتنێـکی کۆتایی به‌ر له 30 ی مانگی شه‌ش که دوا مۆڵه‌ته بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دانراوه. گوتیشی واشنتن پـێی وایه ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کان به نیازێـکی پاک کاربکه‌ن ئه‌وا ده‌توانن ئه‌م ئامانجه به‌دی بهێنن.
پاشان گوتی جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا به نیازه ڕۆژی شه‌ممه 30 ی مانگی پـێنج به‌ره‌و ژنێڤ به‌ڕێبکه‌وێت به مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف هاوتا ئێرانیـیه‌که‌ی له چوارچێوه‌ی دانوسـتاندنه‌کانی په‌یوه‌ست به به‌رنامه ناوکیـیه‌که‌ی ئێران.
پـێشـتر عه‌باس عێراقچی گه‌وره وتووێژکاری ئێران گوتوبووی ڕه‌نگه وتووێژه‌کانی نێوان تاران و زلهێزانی جیهان بۆ دوای 30 ی مانگی شه‌ش درێژبکرێنه‌وه به‌هۆی ئه‌و کۆسپانه‌ی له به‌رده‌م گه‌یشتن به ڕێکه‌وتنێـکی "باش" هه‌ن.