Accessibility links

ئەڵمانیا: هێز لە ناو ئێراندا هەن پـێدەچێت هەوڵ بدەن ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە تێکبدەن


لە کاردانەوە بەرامبەر ڕاپـۆرتەکانی دەزگا زانیاریـیەکانی ئەڵمانیا کە تیایاندا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ئێران هەوڵی بەدەسـتهێنانی تەکنەلۆجیای ناوکی داوە، ئەمڕۆ هەینی بەرلین ڕایگەیاند هێز لە ناو ئێراندا هەن پـێدەچێت هەوڵ بدەن ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەیان لەگەڵ ڕۆژئاوادا تێـکبدەن.

دەزگای زانیاری ناوخۆی ئەڵمانیاBFV لە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی نووسیویەتی هەوڵی ئێرانی هەبوون بۆ بەدەسـتهێنانی تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی نایاسایی، بە تایبەتی لە بواری ناوکیدا و لەسەر ئاستێـکی باڵا لە ساڵی 2015 بەردەوام بووە.

لە ڕاپـۆرتێـکی دیکە کە لەم هەفتەیە لە لایەن دەزگای زانیاری لە هەرێمی نۆرد ڕاین ڤەستفالیا بڵاوکرایەوە، نووسراوە 141 هەوڵی بەدەسـتهێنانی تەکنەلۆجیای ناوکی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دراوە، دوو لەسەر سێـیان پەیوەندیـیان بە ئێرانەوە هەبووە.

مارتن شافەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەینی لە وەڵامی پـرسیارێـکدا سەبارەت بەو ڕاپـۆرتانە گوتی ئەڵمانیا چاوەڕوان‌دەکات ئێران پابەندی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.

بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەوڵی بەدەسـتهێنانی ئەو تەکنەلۆجیانە ڕەنگە لە لایەن ئەو هێزانەی ناو ئێرانەوە بێت کە لە دژی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەن، ئەوەی ساڵی ڕابردوو نێوان تاران و ڕۆژئاوا مۆرکرا و تیایدا چالاکیـیە ناوکیـیەکانی ئێران سنوورداردەکات لە بەرامبەر لابردنی سزا ئابوریـیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەر تارانیان سەپاندووە.

مارتن شافەر گوتی " هێز لە ناو ئێراندا هەیە سیاسەتەکانی سەرۆکی وڵاتەکەیان و وەزیری دەرەوەیان بووە بە چقڵی چاویان. لەوانەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵ بدەن ڕێکەوتنەکە و ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ ئێمە تێکبدەن یان نەیهێڵن. بۆیە لە نزیکەوە چاودێری ئەمە دەکەین."

پاشان گوتی ئەڵمانیا زۆر بڕوای بە حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران و جەواد زەریف وەزیری دەرەوە هەیە و پـێیوایە تاران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکە.

XS
SM
MD
LG