Accessibility links

ئێران لە ڕێگەى دروستكردنى 9 بەنداوەوە مەترسى لەسەر ڕووبارى سیروان دروستدەکات


حكومەتى ئێران 9 بەنداوى گەورەى لەسەر سەرچاوەى ڕووبارى سیروان دروستكردووە و بە تەواوبوونى ئەو بەنداوانە مەترسى لەسەر ڕووبارەكە دروست دەبێت و ئاوى ڕووبارەكە لە وشكبوون نزیک‌دەبێتەوە.

ڕەحمان خانى بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، ناوى ئەو بەنداوانەى بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكراكرد كە ئێران لەسەر ڕووبارى سیروان دروستیكردوون و گوتى"دوا بەنداویان كە لە ئێستادا كارى تێدا دەكرێت بەنداوى داریانە كە درێژەیـیەكەى 47 كیلۆمەترە و بە تەواوبوونى 60%ى ئاوى ڕووبارى سیروان كەم دەكات."

سەرچاوى ئاوى ڕووبارى سیروان لە وڵاتى ئێرانەوەیە كە ئاوەكە لە ڕێگەى شاخەكانى پارێزگاى هەڵەبجەوە دێتە ناو خاكى هەرێم و دەڕژێتە نێو رووبارى سیروان ، لەوێشەوە ڕووبارەكە بۆ پارێزگاى دیالە درێژ دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان ، ئاماژەى بەوەكرد لەگەڵ وڵاتى ئێران هەوڵدراوە بۆ ئەوەى مەترسى لەسەر ڕووبارى سیروان دروست نەكات، بەڵام هەوڵەكان بێ‌ ئەنجام بوون.

بەپێى وتەى ڕەحمان خانى وشكبوونى ڕووبارى سیروان زیان بە سەرچاوەى ئاوى ناوچەكانى گەرمیان و پارێزگاى دیالە دەگەیەنێت و پێدەچێت ئەو ناوچانە ڕووبەڕووى كارەساتى مرۆیى و ژینگەیى بكاتەوە.

هەوڵەكانى ئێران بۆ وشككردنى ڕووبارى سیروان لە كاتێكدایە شەڕى ئاو یەكێكە لەو شەڕانەى لە پاڵ شەڕى سەربازیدا وڵاتانى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى لە دژى یەكترى بەكارى دەهێنن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:18 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG