Accessibility links

ئێرانیـیەکان سەرۆکی وڵات و ئەنجومەنی شارەوانیەکانیان هەڵدەبژێرن


ئێرانیـیەکان ئەمڕۆ هەینی ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان و ئەندامانی ئەنجومەنی شار و گوندەکانیان.

بەپـێی ئامارە فەرمیـیەکان لە کۆی 80 ملیۆن ئێرانی 56 ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەیە و لە سەرانسەری وڵاتەکە زیاتر لە 63 هەزار بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە.

حەسەن ڕوحانی تەمەن 68 ساڵ کە بە میانڕەو ناودێردەکرێت لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی تەمەن 56 ساڵ ئەوەی بە کۆنەپارێزی ناسراوە لە کۆی چوار کاندید دوو کاندیدی سەرەکین بۆ سەرۆکایەتی ئێران بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران پاش ئەوەی لە تاران دەنگی خۆی دا گوتی دەبێت هەموو ئێرانیـیەکان لەم هەڵبژاردنە دەنگ بدەن. گوتیشی میللەت ئایندەی وڵاتەکە دەسـتنیشان دەکات.

حەسەن ڕوحانی وەک سەرۆکی ئێران ئاگاهی بە سوپای پاسداران و بەسیج دا کە دەستوەرنەدەنە هەڵبژاردنەکانەوە، ئەمەش لە کاتێـکدا ئەم دوو هێزە چەکدارەی ئێران بڕوادەکرێت پشتیوانی لە ئیبراهیم ڕەئیسی بکەن.

حزبە کوردیـیەکان بە گشتی داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیـیان کردووە، بەڵام بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەڵبژاردنە خۆجیـیەکان هەیە. بەڵام یەک لە حزبەکان پـێـیوایە پـێویستە خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و گوندەکاندا بەشداربن، چونکە ئەو ئەنجومەنانە ڕاستەوخۆ پەیوەندیـیان بە کارە خزمەتگوزاریـیەکانی ناوچەکانەوە هەیە.

بڕیارە بنکەکانی دەنگدان لە کاژمێر 6 ی ئێوارە دابخرێن، ئەگەر کاربەدەستان ماوەی دەنگدانەکە درێژ نەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG