Accessibility links

سێ کۆنگرێسمانی ئەمەریکا دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن

  • VOA News

سێ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە لە پارتی کۆمارین داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە ڤیزایان بدەنێ تاوەکو سەردانی ئێران بکەن بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی 26 ی مانگی دوو و کۆمەڵێـک ئامانجی دیکە.

هەر یەک لە مایک پـۆمپـێۆ نوێنەری ویلایەتی کەنساس و لی زێلدین نوێنەری ویلایەتی نیویۆرک و فرانک لۆبیۆندۆ نوێنەری ویلایەتی نیوجێرزی ڕۆژی پـێنجشەممە سەردانی ئۆفیسی کاروباری ئێرانیان لە واشنتنی پایتەخت کرد و لەوێ فۆرمی داوای ڤیزایان پـێشکەشکرد. هەروەها نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران و جەنەڕاڵ محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران کرد تاوەکو ئاسانکاریـیان بۆ بکەن لە پـێدانی ڤیزاکاندا.

لە نامەکەدا نووسیویانە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیان چاودێریکردنی ئەو هەڵبژاردنانەیە کە بڕیارن لە 26 ی مانگی دوو سـازبکرێن بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی زانایان (خبرگان)

هیواشیان خواستووە ببینن دیموکراسی لە وڵاتەکەدا جێبەجێ دەکرێت، هەرچەندە نیگەرانیشیان دەربڕیوە سەبارەت بەو ڕاپـۆرتانەی دەڵێن ئەنجومەنی نیگەهبان زۆربەی کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکانی دورخستۆتەوە.

داواشیان کردووە ڕێگەیان پـێبدەن لەگەڵ چاودێرانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان قسە بکەن تاوەکو دڵنیابن لەوەی ئەو چاودێرانە بەبێ هێچ مەترسی و هەڕەشەیەک کارەکانیان دەکەن.

پاشان هەرسێ کۆنگرێسمان پـێنج خاڵیان خستووەتە ڕوو و دەڵێن ئەمانەش بەشێـکن لە ئامانجی سەردانەکەیان، لەوانە کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەرانی ئێران، عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵا و حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران و جەواد زەریف وەزیری دەرەوە و موحسن فەخری‌زادە مەهابادی سەرۆکی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران و محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسداران.

پاشان ڕێگەیان پـێدەن قسە لەگەڵ ژمارەیەک ئەمەریکایی بکەن کە لە زیندانەکانی ئێراندان، لەوانە کاردار سیامەک نەمازی کە دەڵێن لە زیندانی ئەڤیندایە. هەروەها زانیاریان بدەنێ لە بارەی ئەو سێ ئەمەریکایـیەی لەم دوایـیانەدا لە عێراق ڕفێندران کە بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لە لایەن میلیشیایەکی شیعەی سەر بە ئێرانەوە ڕفێندراون.

لە خاڵێـکی دیکە داوایان کردووە ڕێگەیان پـێبدرێت سەردانی دەزگا ناوکیـیەکانی ئێران بکەن، لەوانە پارچین و فۆردۆ و ئاراک.

هەروەها داوایان کردووە زانیاریان بدەنێ سەبارەت بەو تاقیکردنەوە موشەکیـیەی لە مانگی یازدەی سـاڵی ڕابردوو ئێران ئەنجامی دابوو. دەڵێن بڕوایان وایە ئەو تاقیکردنەوەیە پـێشێلکردنێـکی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بووە.

لە کۆتایـیدا دەیانەوێت ڕوونکردنەوەیان بدەنێ سەبارەت بەو 10 سەربازەی هێزی دەریایی ئەمەریکا کە بە بەلەمەکانیانەوە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە 12 ی مانگی یەکی ئەمساڵ لە ئاوی کەنداو دەسـتگیرکران.

جێی ئاماژەیە لەوەتای سـاڵی 1979 وە هیچ ئەندامێـکی کۆنگرێسی ئەمەریکا سەردانی ئێرانی نەکردووە، جگە لە کۆنگرێسمانی پـێشوو جێم سلاتێری نەبێت کە لە ساڵی 2014 لە تاران ئامادەی کۆنفرانسێـک بوو.

XS
SM
MD
LG