ماڵپه‌ڕه‌کانی ئۆپۆزسێونی ئێرانی ده‌ڵێن کچی جودابیرێکی به‌ناوبانگی ئێرانی گیانی له‌ده‌ستدا له ئاکامی پێکداداندێک له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایشی ئێران‌دا له کاتی به‌خاكسپاردنی باوکی، به‌ڵام ڕاگه‌یاندنی حکومی ئێران ده‌ڵێت ئه‌و خانمه به جه‌ڵته‌ی دڵ گیانی له‌ده‌ستداوه.
ماڵپه‌ڕه‌کانی ئۆپۆزسێۆن ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ خانم هاله سه‌حابی کچی عزه‌توڵـڵا سه‌حابی و چالاکوانی مافه‌کانی ژنان به زه‌میندا که‌وتبوو له دوای پـێکدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایش‌دا.
ماڵپه‌ڕی(که‌لیمه) ی ئۆپۆزسێۆن ده‌ڵێت هێزه‌کانی ئاسایش حکومه‌ت له هه‌وڵێکدا بؤ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی باوکی له ده‌ست خانم هاله بسێنن پاڵیان به ناوبراوه‌وه نابوو.
به گوێره‌ی ڕاپۆرته‌کان، خانم هاله نه‌یتوانیبوو هه‌ڵسێته‌وه سه‌ر پێ.
به‌ڵام ڕاگه‌یاندنی حکومی ئێران ده‌ڵێت، خانمی ته‌مه‌ن 54 ساڵ به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه گیانی له ده‌ست دابوو، هه‌روه‌ها نکوڵیان له روودانی پێکدادان کردووه.