Accessibility links

دەزگای نەهێشتنی گەندەڵی لە ئەندەنوسیا: نابێت سەرۆکی پەرلەمان وڵات جێبهێڵێت

  • VOA News

دەزگای نەهێشتنی گەندەڵی لە ئەندەنوسیا داوایکردووە ڕێگە بە سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەیان نەدرێت وڵاتەکە جێبهێڵێت، ئەمەش بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون کە دەڵێن بە شێوەیەکی ناشەرعی پارەی پەیداکردووە.

لپی ماریاتی کاربەدەسـت لە دەزگای نەهێشتنی گەندەڵی ئەندەنوسیا KPK گوتی سیتیا نۆڤانتۆ سەرۆکی پەرلەمان لێی قەدەغەکراوە بۆ ماوەی شەش مانگ گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکات تاوەکو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت لە چوارچێوەی کەیسێـک کە دەڵێن تیایدا دەسـتی هەبووە لە خواردنی 170 ملیۆن دۆلار لەو بودجەیەی تەرخان کراوە بۆ دەرکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ ناسنامەی نیشتمانی هاوڵاتیان.

نۆڤانتۆ هەروەها سەرۆکی پارتی گولکارە کە دووەم گەورەترین پارتی ئەندەنوسیایە، لێدوانی بۆ میدیاکان دا و گوتی لەگەڵ دەسەڵاتداران هاوکاری دەکات. هێشتا بە فەرمی هیچ تۆمەتێـکی ئاڕاستە نەکراوە.

ئیدروس مارهام سکرتێری گشتی پارتی گولکار بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت نۆڤانتۆ و پارتەکەی ڕێزدەگرن لە پـرۆسە یاسایـیەکان. گوتیشی بڕوایان بەو گوتەیەشە کە دەڵێت تاوانبار بێ گوناهە هەتا تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.

بەپـێی دوو لە گومانبارەکان بە لایەنی کەم 37 کەسایەتی سیاسی وڵاتەکە پارەیان خواردووە لەو بودجەیەی بۆ ناسنامە ئەلیکترۆنیەکان تەرخانکراوە، لەوانە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پارتەکانی دیکە بە پارتەکەی جۆکۆ ویدۆدۆی سەرۆکی وڵاتیشەوە.

XS
SM
MD
LG