Accessibility links

ئەمەریکایـیەکان ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان


Independence
Independence

ئەمەریکایـیەکان ئەمڕۆ دووشەممە ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان کە 240 سـاڵ لەمەوبەر و لە ڕێکەوتی 4 ی مانگی حەوتی سـاڵی 1776 سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا ڕاگەیاند.

ئەو سەردەمە بەریتانیا 13 ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکای خستبووە ژێر حوکمڕانی خۆی کە بە Thirteen Colonies ناسراوە، بەڵام دواتر ئەمەریکا بوو بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە لە 50 ویلایەت پـێکهاتووە و لە ئەمڕۆدا زیاتر لە 320 ملیۆن کەس لە ژێر سایەیدا دەژین.

ئەم وڵاتە کە هەموو تەمەنی لە 250 ساڵ کەمترە، توانی بە گرتنەبەری ئەو ڕێبازەی کە لە لایەن دامەزرێنەرانیەوە بۆی دانرابوو، ببێتە مەزنترین وڵاتی جیهان.

جۆن ئادەمز، بنیامین فرانکلین، ئەلیکسەندەر هاملتن، جۆن جەی، تۆماس جێفرسن، جێمس مادسن، جۆرج واشنتن، ئەمانە کە دامەزرێنەرانی سەرەکی ئەمەریکان، هەریەکەیان بۆخۆی زانا و دانایەک بوو، دوربوون لەوەی بڕوانە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بەڵکو تاکە ئامانجیان دامەزراندنی وڵاتێـکی سەرکەوتوو بووە.

جۆرج واشنتن کە یەکێـک بوو لە دامەزرێنەران و بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەم وڵاتە نوێـیە، ئامادە نەبوو خۆی بۆ خولی سێـیەمی سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە. ئیدی ئەمە بوو بە نەریتێـکی سیاسی لەم وڵاتە کە سەرۆک لە دوو خول زیاتر بۆی نەبێت خۆی کاندیدبکاتەوە.

جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا نەک تەنیا وەرچەرخانێـکی مێژوویی بوو بۆ ئەمەریکایـیەکان، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان، چونکە بنەماکانی ئازادی و فەلسەفەی سیاسی و ئابوری گرنگی هێنایە کایەوە و زۆر یان کەم کاریگەری بەسەر وڵاتانی دیکەش هەبووە.

بۆیە ئەمەریکایـیەکان ئەم ڕۆژە بە گرنگترین ڕۆژی نیشـتیمانی خۆیانی دادەنێن و ساڵانە ئاهەنگی گەورەی تیایدا دەگێڕن و گەرنڤاڵی جۆراوجۆری بۆ دەڕازێنـنەوە و لە هەمووی گرنگترن یاریـیە ئاگرینیـیەکانە کە بە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەکەن.

XS
SM
MD
LG