Accessibility links

خنکانی 16 کەس لە ئەنجامی نقوومبونی بەلەمێکی کۆچبەران لە یۆنان


کاربەدەستانی یۆنان رایانگەیاند 16 کەس کە بەلایەنی کەمەوە دوو مناڵیان تێدایە لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمەکەیان خنکاون لەنزیک دوورگەی لیسبوس لە یۆنان.

باوەڕوایە لەمساڵدا ئەمانە یەکەمین کەس بن لە کۆچبەران کە دڵنیایی دراوە لەسەر خنکانیان لە ئاوەکانی یۆناندا لە هەوڵی پەڕینەوەیان لە تورکیاوە بۆ یۆنان.

پاسەوانانی کەنار دەریای یۆنان و تورکیا وتیان 9 لاشە کەوتوونەتە سەر کەناراوەکانی یۆنان و 7 کەسیش لە تورکیا و دوو ئافرەتیش کە یەکێکیان خەڵکی کامیرۆنەوە و ئەوی تریان خەڵکی کۆنگۆیە ڕزگارکراون.

یەکێکیان کە خانمێکە بە دەستەی باڵای کاروباری کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی وت کە 20 بۆ 25 کەس لەسەر بەلەمەکە بوون و بەلەمەکە هەڵگەڕاوەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە کەناراوەکانی تورکیا کەمتر لە 10 میل دوورە لە دورگەی لیسبوسەوە بەڵام سەدان کەس لەو ئاوەدا خنکاون لە هەوڵیاندا بۆ پەڕینەوە بۆ یۆنان لەو کاتەوەی لە ساڵی 2015ئەم کۆچکردنە دەستی پێکردووە.

لە ساڵی 2015 دا لیسبوس بەلای ملیۆنان لەو کۆچبەرە سوری و عێراقی و ئەفغانیانەی کە لە تورکیاوە دەهاتن دەروازەیەکی سەرەکی بوو بۆ یەکێتی ئەوروپا.

بەڵام لە مانگی سێی 2016 دا لە ڕێکەوتنێکی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپادا ئەو ڕێگەیە داخراوە.

بەپێی بەیاننامەکانی کاروباری کۆچبەرانی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەمساڵدا 4800 کۆچبەر لە تورکیاوە گەیشتوونەتە یۆنان و ڕۆژانە 20 کەسیان دەگاتە یۆنان، وە لە ساڵی 2016 دا زیاتر لە 173 هەزار کە زۆربەیان سورین گەیشتوونەتە یۆنان.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG