Accessibility links

پەرلەمانی هەنگاریا یاسایەک پەسەند دەکات بۆ دەستبەسەرکردنی ئەوانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن


پەرلەمانی هەنگاریا یاسایەکی پەسەندکرد بۆ دەستبەسەرکردنی دەستبەجێی ئەوانەی ڕوویان لە وڵاتەکەی کردووە و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.

بڕیارەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە دەنگی 138 پەرلەمانتار بەرامبەر 6 پەسەندکرا، وە 22 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا، تیایدا هاتووە دەبێت ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن، لە ناوچەکانی هاتنە ناو وڵاتەکە لەسەر سنووری سڕبیا و کرواتیا دەستبەسەربکرێن هەتا بڕیاری کۆتایی دەدرێت لە بارەی داوای مافی پەنابەرێتیەکەیان.

جێی ئاماژەیە پـێشتر یاسایەکی لەو جۆرە لە هەنگاریا هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2013 لادرا لە ژێر فشاری یەکێتی ئەوروپا و کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ.

یاساکە دەسـتبەجێ جێبەجێ دەکرێت بەسەر هەموو ئەوانەی لە ئێستادا دێنە وڵاتەکە و ئەوانەشی پـێشتر داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە و هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە.

بەرپرسی ئۆفیسی ڤیگتۆر ئوربان سەرۆک وەزیری هەنگاریا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت دوو یان سێ کەمپ دەکەنەوە لەسەر سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە تاوەکو ئەو خەڵکەی تیادا دابنێن.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی یاسا نوێـیەکەی شەرمەزارکرد و گوتی ئەمە پـێشێلکردنی یاساکانی ئەوروپا و نێودەوڵەتیـیە لە لایەن هەنگاریاوە.

XS
SM
MD
LG