Accessibility links

ڕێکخراوی HRW : تورکیا لە هێرشێکیدا لە باکوری سوریا 24 کەسی سیڤیل کوشتووە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت لە میانەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی سوریا و هێرشی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات 24 کەسی سیڤیل کە شەشیان منداڵ بوون بە بۆردومانی تورکیا لە باشوری جەرابلوس کوژراون.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی ڕاپـۆرتێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ڕەخنەش لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەگرێت، دەڵێت ئەگەر ئەوانیش لای بینای پـڕ لە خەڵکی سیڤیل نەبووانەیە ئەوە ڕووی نەدەدا.

ئۆلی سۆلڤانگ جێگری بەڕێوەبەری بەشی بە پەلەی ڕێکخراوەکە بۆردومانەکەی تورکیا بە نایاسایی ناودێرکرد و گوتی" یاسایی نیـیە بەبێ پـێوست ژیانی خەڵکی سیڤیل بخرێتە بەر مەترسیـیەوە، تەنانەت ئەگەر نیشانەیەکی لەشکریش هەبێت و ڕەچاوی ئەو زیانانە نەکرێت کە ئەگەری هەیە بەر خەڵکی سیڤیل بکەوێت."

بەپـێی ڕاپـۆرتەکە 2 کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە ڕووداوەکەیان بۆ ڕێکخراوی HRW گێڕاوەتەوە و گوتویانە شەوی 27 ی مانگی هەشت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە نزیک گوندی سریسات کە 12 کیلۆمەتر لە باشوری شارۆچکەی جەرابلوسەوە دورە، داوایان لە خەڵکی سیڤیل کردبوو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن بەهۆی نزیک بوونەوەی شەڕەکان لێـیان. پاشان خەڵکە سیڤیلەکە کە ژمارەیان لە نێوان 50 بۆ 55 کەس بووە بەرەو دوو خانووی سەر گردێـک ڕۆیشتوون کە نزیکەی 2 کیلۆمەتر دوربووە. بەڵام بەرەبانی 28 ی مانگی هەشت هێزەکانی سوریای دیموکرات بە خۆیان و ئۆتۆمبیلەکانیان کە هەندێـکیان دۆشکەیان لەسەر بووە هاتوونەتە نزیک دوو خانووەکە و خۆیان جێگرکردووە. پاش کەمتر لە 30 خولەک لە گەیشتنیان فڕۆکەی تورکی ناوچەکەی بە 7 موشەک بۆردومانکردووە. بەپـێی وێنەکانی سەتەلایەت موشەکەکان لە جۆری Paveway بوون کە بە لەیزەر ئاڕاستەی نیشانەکەی دەکرێت.

پاش هێرشە ئاسمانیـیەکە تۆپـبارانێـکی چڕی ناوچەکە دەسـتیپـێـکردووە و بەهۆی ئەوەشەوە ژمارەیەک لەوانەش کوژراون یان برینداربوون کە بە هانای قوربانیـیەکانەوە چووبوون.

ڕێکخراوەکە باس لەوەش دەکات نێوان 10 بۆ 15 شەڕڤانیش لە بۆردومانەکان کوژراون.

XS
SM
MD
LG