Accessibility links

پەرلەمانی عێراق لێسەندنەوەی متمانە لە هوشیار زێباری پەسەند دەکات


پەرلەمانی عێراق لە پـرۆسەیەکی دەنگدانی نهێنیدا بڕیاری دا متمانە لە هوشیار زێباری بسەنرێتەوە وەکو وەزیری دارایی وڵاتەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 253 پەرلەمانتاری عێراقی لە کۆی 328 ئامادەی دانیشتنی پـرۆسەی دەنگدانەکە بوون و بەپـێی ئەنجامەکان 158 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ لێسەندنەوەی متمانەکە دا و 77 پەرلەمانتاریش لە دژی بوون و 14 پەرلەمانتار دەنگیان نەدا و ئەوانی دیکە لە هۆڵی کۆبوونەوەکە چوونەتە دەرێ.

سەڵاح بامەرنی پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بەغدا دەڵێت سەرەتا 51 پەرلەمانتار کە 28 پەرلەمانتاریان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردسـتان بوون و ئەوانی دیکە لە لیستەکانی شیعە و سوونە بوون، داوایانکردبوو پـرۆسەی دەنگدانەکە دوابخرێت، بەڵام سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان داواکەی ڕەتکردبووەوە.

هەیثەم ئەلجبوری پەرلەمانتاری سەر بە لیستی دەوڵەتی یاسا، ئەوەی بەڵگەکانی دژی هوشیار زێباری خستە بەردەمی پەرلەمان، پاش پـرۆسەی دەنگدانەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمان گوتی پەرلەمان ئەمڕۆ دەنگی دا بۆ پاککردنەوەی حکومەت و ئەوەی کراوە هیچ مەبەستی سیاسی لە پشـتەوە نەبووە.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردسـتان پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکە گوتی لێسەندنەوەی متمامە لە هوشیار زێباری کارێـکی پـێچەوانەی دەسـتورە و مەرامی لە دژی لایەنێـکی سیاسی لێی مەبەستە. ئاشکراشی کرد کە لە دادگای فیدراڵی عێراق تانە لە بڕیارەکەی پەرلەمان دەگرن.

XS
SM
MD
LG