Accessibility links

لێکۆڵینه‌وه‌: یاری کردنی منداڵان له‌ ده‌ره‌وه‌ گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنیان


ژیانی سه‌ره‌تای منداڵی زۆر گرنگه‌ بۆ فێر بوون و گه‌شه‌ کردن. له‌و‌ ته‌مه‌نه‌دا زۆر گرنگه‌ منداڵان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌کانیان یاری بکه‌ن. به‌ڵام زۆر که‌س ئه‌مه‌ په‌یڕه‌و ناکات.

به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ ئه‌رشیفی (Pediatrics & Adolescent Medicine) ئه‌نجام دراوه ده‌رکه‌وتووه‌ ‌نزیکه‌ی نیوه‌ی منداڵانی ته‌مه‌ن 3 بۆ 5 ساڵان له‌ لایان دایک و باوکیانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ نابرێنه‌ ده‌روه‌ بۆ یاری کردن.

به‌ڕێوه‌به‌ری لێکۆڵینه‌وه‌که‌ دکتۆر پوجا تاندۆن له‌ ئینستوتی لێکۆڵینه‌وه‌ی ته‌ندروستی منداڵان له‌ سیاتڵ ده‌ڵێت ئه‌و کاته‌ی که‌ دایک و باوک بۆ منداڵه‌کانیان ته‌رخانی ده‌که‌ن له‌گه‌ڵیاندا به‌سه‌ری به‌رن ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌ سه‌ندنی منداڵه‌کانیاندا.

ڕێکخراوی ته‌ندروستی منداڵانی ئه‌مه‌ریکا پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌کات منداڵان تا بتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ یارییه‌کانیان بکه‌ن، یان به‌لایه‌نی که‌م ڕۆژانه یه‌ک کاتژمێر له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر به‌رن. جموجۆڵی جه‌سته‌ی نه‌ک ته‌نها بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کێش باشه‌، به‌ڵکو ڕێگریشه‌ له‌ نه‌خۆشی قه‌ڵه‌وی.

شایانی باسه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی پێشووتریش ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردبوو که‌ یاری کردنی منداڵان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌سته‌ ده‌ماری ماسۆلکه‌کان، بینایی و ئاستی ڤیتامین دی.

له‌م لێکۆڵینه‌وه‌ نوێیه‌دا لێکۆله‌ران زانیارییه‌کانیان له‌ زیاتر له‌ 9 هه‌زار منداڵی ته‌مه‌ن 3 بۆ 5 ساڵ وه‌رگرتووه‌و ئه‌و پرسیاره‌یان له‌ دایک و باوکه‌کانیان کردووه‌ که‌ تا چه‌ندێک کات له‌گه‌ل منداڵه‌کانیاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و منداڵه‌کانیان چه‌ندێک له‌ ده‌ره‌وه‌ یاری ده‌که‌ن.

له‌ ئه‌نجامه‌که‌شدا ده‌رکه‌وتووه‌ دایکان زۆرتر منداڵه‌کانیان ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ باوکه‌کان. یه‌کێک له‌ ئاسته‌نگه‌ گه‌وره‌کانی ڕێگره‌ له‌ بردنه‌ ده‌روه‌ی منداڵان کار کردنه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێک دایک و باوکیش به‌شدارییان کردبوو که‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ کار ده‌که‌ن هێشتا به‌ پێی پێویست منداڵه‌کانیان نابه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌.

بۆ گوێگرتن له‌ ته‌واوی ڕاپۆرته‌که‌ کلیکی ئه‌و فایله‌ ده‌نگییه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ بکه‌ ماوه‌که‌ی 1:48 خوله‌که‌

XS
SM
MD
LG