Accessibility links

دادوەرێکی ئەمەریکا ڕاگرتنی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپی درێژکردەوە


دادوەرێکی فیدراڵی لە ئەمەریکا بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپی درێژکردەوە، ئەوەی لە 6 ی ئەم مانگە ڕایگەیاندبوو بۆ قەدەغەکردنی کاتی گەشتی هاوڵاتیانی شەش وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمەریکا و هەروەها ڕاگرتنی هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە.

دێریک واتسن دادوەر لە ویلایەتی هاوایی لە 15 ی مانگی سێ و چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکە ڕابگیرێت.

بڕیارە نوێیەکەی ئەم دادوەرەی هاوایی بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆک، ئەم جارە لەسەر داوای ویلایەتی هاوایی یە کە تەواوی وڵاتەکە دەگرێتەوە.

دادوەر واتسن لە بڕیارە نوێیەکەی نووسیویەتی هەلومەرجەکانی وایانکرد بڕیارەکەی یەکەمی بدات هیچ نەگۆڕاون، لەوانە سکاڵای هاوایی بەوەی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ و یاریدەدەرەکانی جیاوازی بەرامبەر موسڵمانان دەکات. دەشڵێت ویلایەتی هاوایی وەک پێویست سەرکەوتوو بوو لە وەستان بەرەو ڕووی فەرمانی قەدەغەکردنەکە کە ئەو مەرجە دەستورییە پـێشێل دەکات کە پێویستە حکومەت بڕیارەکانی بە پلەی یەکەم لەسەر بنجینەی علمانی بن.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ سوورە لەسەر ئەوەی فەرمانەکە قەدەغەیەک نییە بۆ سەر موسڵمانان، بەڵکو بڕیارێکی پێویستە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.

فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ پـێدانی ڤیزای نوێی بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕاگرت بۆ هاوڵاتیانی ئێران، سوریا، لیبیا، یەمەن، سۆماڵ و سودان. هەروەها بۆ ماوەی 120 ڕۆژیش بەرنامەی پەنابەرانی ڕاگرت. بڕیارە لەو ماوەیە ڕێوشوێنی نوێ دابنرێن بۆ لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانینی زیاتر سەبارەت بەو کەسانەی دەیانەوێت بۆ ئەمەریکا بێن.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG