Accessibility links

ویلایەتی هاوایی سکاڵای یاسایی لە دژی بڕیارە نوێیەکەی سەرۆک ترامپ تۆماردەکات


هاوایی دەبێتە یەکەم ویلایەتی ئەمەریکا سکاڵای یاسایی تۆماربکات بۆ ڕاگرتنی بڕیارە نوێیەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ڕاگرتنی گەشتی هاوڵاتیانی ژمارەیەک وڵات بۆ ئەمەریکا.

پارێزەرانی ویلایەتەکە لە دادگای فیدراڵی ویلایەتەکەیان لە هۆنۆلولو سکاڵاکەیان تۆمارکرد. ویلایەتەکە پێشتریش سکاڵایەکی لە بەرامبەر بڕیارەکەی پێشووی سەرۆک ترامپ تۆمارکردبوو، بەڵام ئەو سکاڵایە ڕاگیرا پاش ئەوەی کەیسی تر لە سەرانسەری ئەمەریکا کاری لەسەر کرا.

سکاڵاکەی هاوایی دەڵێت فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ زیان بە دانیشتوانی موسڵمان و گەشتیاران و خوێندکارانی بیانی لە ویلایەتەکەی دەگەیەنێت.

دۆگلاس چن داواکاری گشتی هاوایی دەڵێت ویلایەتەکەی تایبەتە و بە درێژایی مێژووی و هەروەها دەستورەکەی جیاوازی نەکردووە. دەشڵێت 20% ی خەڵکەکەی لە دایکبووی وڵاتانی ترن و 100 هەزار کەس لە ویلایەتەکەی ئەمەریکایی نیین و 20% ی هێزی کاری ناو ویلایەتەکە لە دایکبووی وڵاتانی ترن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد حکومەتی ویلایەتەکەی 150 هەزار دۆلاری بۆ خەرجیەکانی سکاڵاکە دابینکردووە.

شایەنی باسە هاوایی لە شەوی سێشەممەوە ڕایگەیاند بە نیازە سکاڵای یاسایی لە دژی بڕیارە نوێیەکەی قەدەغەی گەشتکردنەکە تۆماربکات کە بەرنامەی بۆ دانراوە لە 16 ی مانگی سێیەوە بخرێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

بڕیارە نوێیەکە ڕێگری دەکات لە پێدانی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی 6 وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ سێ مانگ و هەروەها بۆ ماوەی چوار مانگ بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەر لە ئەمەریکا ڕادەگرێت، بەڵام ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە ئێستادا ڤیزایان وەرگرتووە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG