Accessibility links

ده‌قی چاوپـێـکه‌وتنی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ جێـگری سه‌رۆکی عێراق

  • ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا

ده‌قی چاوپـێـکه‌وتنی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ جێـگری سه‌رۆکی عێراق

ده‌قی چاوپـێـکه‌وتنی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ جێـگری سه‌رۆکی عێراق

سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ناوخۆی عێراق و کێشه‌کانی ئه‌م دوایـیه‌ی نێوان حکومه‌تی سه‌رۆک وه‌زیر نوری ئه‌لمالیکی و کاربه‌ده‌سته‌ سـووننه‌کانی عێراق، عه‌لی جه‌وانمه‌ردی له‌ به‌شی فارسی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا چاوپـێـکه‌وتنێـکی له‌گه‌ڵ تاریق هاشمی جێـگری سه‌رۆکی عێراق سـازداوه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌قی وه‌رگێڕاوه‌که‌ی بۆ کوردیـیه‌.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: به‌ڕێز تاریق هاشمی سوپاس بۆ به‌شـداریتان له‌م چاوپـێـکه‌وتنه‌. ئه‌مڕۆ چۆن عێراق ده‌بینن له‌ پاش کشـانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا؟

تاریق هاشمی: بسم الله‌ الرحمن الرحیم

له‌ ڕاستیدا من بڕوام وایه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ زنجیره‌ی ئه‌و سیاسه‌ت و ڕێوشـوێنانه‌ دێت که‌ به‌ڕێز مالیکی به‌ درێژایی سـاڵانی ڕابردووه‌وه‌ گرتوویه‌ته‌به‌ر له‌ پـێناو قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ئاسایشـیـیه‌وه‌. ئه‌مڕۆ هێزه‌کانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ و هه‌روه‌ها موخابه‌رات و ئاسایشی نیشـتیمانی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودان و بۆخۆی سه‌رپه‌رشـتی مه‌له‌فی ئاسایشی ده‌کات و ڕێـگه‌ به‌ هیچ ڕێبه‌رێـکی قه‌واره‌ سیاسیـیه‌کان نادات قسه‌ی تیادا بکه‌ن و ته‌نانه‌ت بزانێت چی له‌ ناو ئه‌و مه‌له‌فه‌ ده‌گوزه‌رێت. ئه‌وه‌ی ڕوویدا زۆر به‌ سـانایی ڕێـکخسـتنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌یه‌ له‌ پاش کشـانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا. ئه‌م پـیاوه‌ (مالیکی) له‌ ڕاستیدا نیگه‌رانه‌ و ئه‌و نیگه‌رانیـیه‌ش پاساوی بۆ نیـیه‌ و بێ بنه‌مایه‌، وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا باسی لێوه‌کرا گوایه‌ هه‌وڵی کۆده‌تا له‌ ئارادایه‌ و وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ست له‌ کاروباری ناوخۆی عێراق ده‌ده‌ن، بۆ‌یه‌ سه‌ر ئه‌نجام له‌ ڕێـگه‌ی زوو ده‌ست وه‌شـاندنێـکدا په‌نجه‌ی تاوانی بۆ جێـگری سه‌رۆک کۆمار درێژبکات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و و پاسه‌وانه‌کانی په‌یوه‌ندیـیان به‌ کاری دژ به‌ یاسا‌ و تێرۆره‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ڕوانگه‌ی شـکاندنی سیاسیـیه‌وه‌یه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ڕوانگه‌ی چۆڵکردنی عێراق له‌ ڕێبه‌ره‌ ڕکه‌به‌ره‌کانی و پاشـان له‌ ئاینده‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ بۆخۆی چۆڵبێت، ته‌نانه‌ت به‌بێ ده‌نگێـکی ناڕه‌زایـی یان هاوبه‌شێـکی پاک و دڵسۆز، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ڕوویدا له‌ ڕاستیدا زوو ده‌ست وه‌شـاندنێـک بوو بۆ ڕێـکخسـتنی دۆخی ناو عێراق له‌ سـاڵی داهاتوو، واته‌ له‌ پاش کشـانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: باشه‌ دوێنی شه‌و هه‌ردوو که‌ناڵی عالم و پـرێس TV ئێران سه‌نگیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و دانپـیادانانه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ئۆفیسه‌که‌ت درابوونن ئایا ئه‌وه‌ ڕێـکه‌وت بووه‌ یان به‌ مه‌به‌ست؟

تاریق هاشمی: نه‌خێر به‌ ڕێـکه‌وت نه‌بووه‌ و له‌ ڕاستیدا ئاماژه‌ی زۆر به‌هێزم هه‌یه‌، ئه‌ویش دوو وڵاتی دراوسێ له‌ هه‌ڵوێسـتم به‌رامبه‌ر به‌هاری عه‌ره‌ب بێزارن و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ که‌ ئه‌مڕۆ له‌ خاوه‌نی بڕیار له‌ عێراق نزیکشن له‌ پشت هه‌موو ئه‌و سیناریۆیانه‌ن که‌ هه‌ڵبه‌سـتراون. ئه‌وانیشن له‌ ڕێـگای ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا په‌ره‌یان به‌ هه‌ڵمه‌تی دژی خودی خۆم و پاسه‌وانه‌کانم داوه‌ و ناویان زڕاندوم. له‌ ڕاستیدا کۆمه‌ڵێـک که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن هه‌بوون پـێشی هه‌موو که‌ناڵه‌کانی دیکه‌یان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دایه‌وه‌، وه‌ ئه‌و که‌ناڵانه‌ش له‌ ڕاستیدا هی ئه‌و وڵاتانه‌ن که‌ له‌ هه‌ڵوێسـته‌ نیشـتیمانپه‌روه‌ریـیه‌کانم بێزارن که‌ سه‌ربه‌خۆی عێراق و نه‌هێشـتنی ده‌سـتوه‌ردانی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ کاروباری ناوخۆی عێراق.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: سه‌باره‌ت به‌ ده‌سـتێوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ و به‌ تایبه‌تی ئێران هه‌ڵوێسـتان چیـیه‌؟

تاریق هاشمی: جێی مه‌خابنه‌ بڵێم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق ده‌رچوو و کاره‌که‌ی ته‌واو نه‌کرد. به‌ڵی به‌ دوای خۆیدا یه‌کێـک له‌ به‌ره‌نگاریـیه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کانی جێـهێشـتووه‌ که‌ له‌ سه‌روو توانای عێراقیـیه‌کانه‌وه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن، ئه‌ویش ده‌سـتێوه‌ردانی ئێرانه‌ له‌ کاروباری ناوخۆی عێراق. پـێم ناخۆشه‌ بڵێم که‌ سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا وه‌سفێـکی نادوروسـتی بۆ ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی عێراق دا و باسی له‌ ئاسـتی ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانی له‌ کاروباری ناوخۆی عێراق نه‌کرد. ئێمه‌ زۆر نیگه‌رانین که‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا عێراق جێده‌هێڵێت و له‌ پاش خۆی به‌و ئاشـکرایـیه‌ له‌سه‌ر خاکی عێراق ده‌ست ده‌خرێته‌ ناو کاروباری ناوخۆی وڵاته‌که‌ له‌ لایه‌ن ئێرانی دراوسێوه‌.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: باشه‌ ئێوه‌ چاوه‌ڕێی چیتان له‌ ئه‌مه‌ریکایـیه‌کان ده‌کرد؟

تاریق هاشمی: من ئاواته‌خوازبووم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆتایی سـاڵی 2011 به‌ سه‌ربه‌رزیـیه‌وه‌ کاره‌که‌ ته‌واوبکات و سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا پاساویان بۆ گه‌لی ئه‌مه‌ریکا هه‌بووایه‌ که‌ بۆچی له‌ عێراق 5 هه‌زار سه‌رباز کوژران و هه‌زاره‌هاش برینداربوون و هه‌زاران ملیار دۆلاریش خه‌رج کران. حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر شـانی بوو شتێـک پـێشـکه‌شی گه‌لی ئه‌مه‌ریکا بکات، ئه‌ویش ئه‌و هه‌موو ئه‌و قوربانیـیه‌ گیانی و ماڵیـیه‌ دران پاساوی هه‌بوو له‌ پـێناو دروسـتکردنی نموونه‌یه‌کی دیموکراسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسـتدا، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا شکسـتێـکی گه‌وره‌ی هێنا و جگه‌ له‌ پـێشـکه‌شـکردنی نموونه‌یه‌کی خواروخێچ و پـرۆسه‌یه‌کی دیموکراسی و سیاسی ئیفلیج و حکومه‌تێـکی گه‌نده‌ڵ و به‌رتیل خۆر و سیسـتمێـکی داد که‌ سه‌ربه‌خۆ نیـیه‌، به‌ڵـکو سیسـتمێـکی دادی به‌ سیاسه‌تکراو و سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات‌ و تۆمارنامه‌یه‌کی قێزه‌وه‌ن له‌ مافه‌کانی مرۆڤ و ڕێژه‌ی هه‌ژاری که‌‌ زیاتره‌ له‌ 25% له‌ گه‌لی عێراق له‌ خوارووی هێڵی هه‌ژاریـن‌. باشه‌ ئه‌مه‌ چ عێراقێـکه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌ پاش خۆی جێـیهێشـتووه‌ و کاتێـک بڕیاری کشـانه‌وه‌ ده‌دات و سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا ئۆباما مژده‌ به‌ گه‌لی ئه‌مه‌ریکا ده‌دات که‌وا وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا کاره‌که‌ی خۆی به‌ ئه‌نجام گه‌یاندووه‌ و ئه‌و خۆشـحاڵه‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌کان که‌ ئه‌مڕۆ به‌ بۆنه‌ی چه‌ژنه‌کانی کرسمسه‌وه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا ئاهه‌نگ ده‌گێڕن. ئێمه‌ خۆشـحاڵین که‌ له‌شـکری ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق کشـایه‌وه‌ و عێراق سه‌روه‌ری بۆ گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام ئایا باجده‌ری ئه‌مه‌ریکایی به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا ناڵێت و ناپـرسێت به‌شی پاره‌ی من بۆ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروسـتی و خوێندن که‌ له‌ پـێناو عێراق خه‌رج کرا، ئایا ئێوه‌ کاره‌که‌تان به‌ ئه‌نجام گه‌یاند؟ وه‌ڵامه‌که‌ ده‌ڵێن به‌ڵی، به‌ڵام من وه‌ک عێراقیـیه‌ک و به‌پـێی پـۆسته‌که‌م له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ڵێم به‌ داخێـکی گرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا شـکستی هێنا له‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی کاره‌که‌ و به‌ دوای خۆیدا بارودۆخێـکی نائارامی جێـهێشـتووه‌ که‌ هێشـتا ئاینزایی سیاسی باڵی به‌سه‌ر وڵاته‌که‌دا کێشـاوه‌.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: کێشه‌که‌کانتان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سه‌رۆک وه‌زیری نوری ئه‌لمالیکی چین؟

تاریق هاشمی: سێ گرفتی سه‌ره‌کیـمان له‌گه‌ڵ مالیکی هه‌یه‌، یه‌که‌میان زۆرداری، ئه‌و پـیاوه‌ ورده‌ ورده‌ عێراق به‌ره‌و زۆرداری ده‌بات و دیموکراسی له‌ دوای خۆیه‌وه‌ جێده‌هێڵێت. ئه‌مڕۆ ئه‌و پـیاوه‌ ده‌سـتیگرتووه‌ به‌سه‌ر پاره‌ و هێزه‌کانی ئاسایش و ڕاگه‌یاندندا. ئه‌و پـیاوه‌ ڕێـگه‌ به‌ هیچ هاوبه‌شیـیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ نادات بۆ ده‌رکردنی بڕیاره‌کان. ئه‌مه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و گرێبه‌سـتانه‌ی حکومه‌ت مۆریکردوون پـرسیاری گه‌وره‌یان له‌سه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌و به‌رتیلانه‌ی به‌ فه‌رمانبارانی ده‌وڵه‌ت ده‌درێن له‌سه‌ر ئاسته‌ هه‌ره‌ باڵاکاندا. ده‌سته‌ی ده‌سـتپاکیش به ‌دوای فه‌رمانبه‌ره‌ پـۆست نزمه‌کاندا ده‌ڕوات، به‌ڵام به ‌دوای گه‌وره‌کاندا ناکه‌وێت.

مه‌سه‌له‌ی گرنگی سێـیه‌م، خراپـی به‌ڕێوه‌بردنه‌. دواکه‌وتوویی زۆرمان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ مایه‌ی گرفت له‌ نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمی کوردسـتان و ئه‌مڕۆش گرفت له‌ نێوان ناوه‌ند و پارێزگاکاندا هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانیان، وه‌ ئه‌وه‌ش پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و پارێزگای دیاله‌ی ناچارکرد داوای هه‌رێم بکه‌ن. تێبینیـیه‌کانمان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ڕێز مالیکی، تاکڕه‌وی له‌ ده‌رکردنی بڕیاره‌کان، مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی، ئه‌و سته‌مه‌ی مرۆڤی عێراقی به‌ده‌سـتیـیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ئه‌و پـێشێلکاریـیانه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کرێن که‌ شه‌رمه‌زاری بۆ عێراق هێناوه‌ له‌ ڕێـگای ئه‌و ڕاپـۆرتانه‌ی HRW ده‌ریکردوون و هه‌روه‌ها ئه‌و ڕاپـۆرتانه‌ی له‌ لایه‌ن ڕێـکخراوه‌ تایبه‌ته‌کانه‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌رچوون‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خراپـی به‌ڕێوه‌بردن و ئه‌و بێ سه‌روبه‌ریـیه‌ی له‌ ته‌واوی دۆخی عێراقدا هه‌یه‌.‌ بۆیه‌ حکومه‌تی عێراق به‌ به‌رپـرسیار ده‌زانین و به‌ تایبه‌تی مالیکی هه‌موو ئه‌و ئاکامانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا ڕووده‌ده‌ن.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: هیچ به‌رنامه‌یه‌کتان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م قه‌یرانه‌؟

تاریق هاشمی: سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ده‌سـتپـێشـخه‌ریـیه‌کی کردووه‌ و ناوی لێناوه‌ ده‌سـتپـێشـخه‌ری چاکردنه‌وه‌ی بارودۆخی عێراق له‌ پاش کشـانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا. ئه‌م ده‌سـتپـێشـخه‌ریـیه‌ بریتیـیه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی فراوان بۆ ڕێبه‌رانی هه‌موو قه‌واره‌ سیاسیـیه‌کان ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان و ئه‌وانه‌شی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن و‌ کاتی خۆی به‌شـداریـیان له‌ ئه‌نجومه‌نی حوکمی سـاڵی 2003 دا کردبوو‌. ئه‌مه‌ش له‌ پـێناو پـیاداچوونه‌وه‌ به‌ پـرۆسه‌ی سیاسی له‌وه‌تای سـاڵی 2003 وه‌ و ده‌سـتنیشـانکردنی هه‌ڵه‌کان و پاشـان ڕاستکردنه‌وه‌ی پـرۆسه‌ی سیاسی که‌ ڕه‌نگه‌ به‌ ڕێـکه‌وتنێـکی نیشـتیمانی ده‌سـتپـێـبکه‌ین وه‌ک مه‌گنا کارتا واته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌گنا‌ کارتا ئه‌وه‌ی هاوبه‌شـی نیشـتیمانی قوڵ ده‌کات، و دوای ئه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌موارکردنی ده‌سـتور هه‌نگاو ده‌نێن و پاشـان به‌هێزکردنی هاوبه‌شی نیشـتیمانی و ده‌سـنیشـانکردنی په‌یوه‌ندی و ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ نێوان ناوه‌ند و پارێزگاکان و هه‌رێم و هه‌روه‌ها دانانی پـلانی هیوابه‌خش و شیانی جێبه‌جێـکردنی هه‌بێت بۆ ڕزگارکردنی عێراق له‌ دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری که‌ ئه‌مڕۆ زیانی به‌ هه‌موو به‌رنامه‌کانی بنیاتنانه‌وه‌ و گه‌شه‌پـێدان گه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ بێ له‌ مه‌سه‌له‌ی ئاینزایی سیاسی. له‌ ڕاسـتیدا ئاینزایی سیاسی ئه‌مڕۆ وه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌مانه‌‌ بۆ سـاڵانی پـڕ غه‌می 2005 و 2006 و 2007 ، ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی وه‌زاره‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت و به‌ تایبه‌تی وه‌زاره‌ته‌ ئاسایشیـیه‌کان بۆ پـێـکهاته‌یه‌ک قۆرغ کراوه‌، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت بۆ پارتێـک له‌و پـێـکهاته‌یه‌، وه‌ ئه‌مه‌ش هه‌رگیز قبوڵی ناکه‌ین. هه‌موو عێراقیـیه‌کان به‌پـێی ده‌سـتور و به‌ تیابه‌تی به‌ پـێی به‌ندی دووه‌می ده‌سـتور ئه‌وان له‌م وڵاته‌دا هاوبه‌شن و هه‌مان ماف و به‌رپـرسیارێتیان هه‌یه‌، به‌مه‌ش مافی هه‌موو هاوڵاتیـیه‌کی به‌ توانا و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌ هه‌ر پـۆستێـک له‌ ده‌وڵه‌تدا بگرێته‌ ده‌ست به‌بێ به‌رچاوگرتنی نه‌ته‌وه‌که‌ی و ئاینه‌که‌ی و هه‌ڵوێسته‌ سیاسیـیه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا ده‌بێت وه‌ها نیـیه‌، به‌ڵـکو کاربه‌ده‌سـتان له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینزایی و حزبی بیر ته‌سه‌ک داده‌نرێنن، به‌وه‌ش که‌سانی به‌ توانا بێ به‌ش ده‌کرێن له‌وه‌ی ئه‌و پـۆستانه‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا بگرنه‌ ده‌ست و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌مه‌ شـکسـتێـکی گه‌وره‌ بووه‌‌. نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ ئه‌مڕۆ عێراق به‌ وڵاتێـکی شـکستخواردوو ناوده‌بات ڕاست ده‌کات، چونکه‌ حکومه‌ت شـکستی هێنا پـیاو و ژنی شیاو بخاته‌ شوێنی گونجاوی خۆیان.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: ئایا ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئێوه‌ بۆ هه‌ولێر بۆ په‌نابه‌رێتیـیه‌ یان بۆ ڕاوێژکردنی سیاسیـیه‌؟

تاریق هاشمی: نه‌خێر من له‌سه‌ر ده‌عوه‌تی سه‌رۆک کۆمار هاتووم، ئێمه‌ نزیکه‌ی بۆ دوو هه‌فته‌ له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماردا کۆنه‌بووینه‌ته‌وه‌.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: ئایا په‌یوه‌ندیت به‌ سه‌رۆک جه‌لال تاڵه‌بانی کردووه‌؟

تاریق هاشمی: به‌ڵێ، من به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و به‌ ئیزنی خوا سبه‌ی یان دوو سبه‌ی به‌ره‌و سلێمانی ده‌ڕۆم و چاوم به‌ سه‌رۆک کۆمار ده‌که‌وێت و ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنمه‌وه‌ و من بۆ په‌نابه‌ری لێره‌ نیم، به‌ڵـکو له‌سه‌ر داوایه‌کی فه‌رمی سه‌رۆک کۆمار که‌ زۆر به‌ ڕاشـکاوانه‌ پـێی گوتووم ئه‌مڕۆ پاش ئه‌وه‌ی له‌ ئۆفیسه‌که‌ت ڕوویدا باشـتره‌ بێـیت بۆ هه‌ولێر و سلێمانی تاوه‌کو بتوانێت ڕۆڵی خۆت وه‌ک جێـگری سه‌رۆک کۆمار بـبینیت.

عه‌لی جه‌وانمه‌ردی: به‌ڕێز تاریق هاشمی جێـگری سه‌رۆک کۆماری عێراق زۆر سوپاس.

تاریق هاشمی: سوپاس بۆ ئێوه‌ش، خوا ئاگای لێـتان بێت.

XS
SM
MD
LG