Accessibility links

چالاکوانان: داعش لە دەروازەی شاری حەسەکەوە نزیک دەبێتەوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت چەکدارانی داعش لە پاش شەڕەکانی ڕۆژی چوارشەممەیان لە دژی هێزەکانی ئەسەد وا ئێسـتا لە نزیک دەروازەی شاری حەسەکەدان.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ڕۆژی پـێـنجشەممە گوتی دوێنێ داعش توانیویەتی بەندیخانەی نەوجەوانان و وێزگەیەکی کارەبا کە لە قەراغ شارەکەن کۆنترۆڵ بکات و ئێسـتا تەنها 500 مەتر لە دەرەوازی شارەکەوە دورە. گوتیشی بە لایەنی کەم 6 کەسی خۆکوژی داعش بەشداریـیان لە هێرشەکاندا کردبووە.

جێی ئاماژەیە شاری حەسەکە لایەکی بەدەسـتی هێزەکانی ئەسەدەوەیە و لایەکەی دیکەی لە لایەن هێزەکانی یەپەگەوە کۆنترۆڵکراوە.

عەبدولکەریم ساروخان وەزیری بەرگری کانتۆنی جەزیرە لە بارەی ئەم شەڕانەوە گوتویەتی ئەوان بێ لایەنن و پشـتیوانی لە هیچ لایەکیان ناکەن، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان.

XS
SM
MD
LG