Accessibility links

فەتحوڵڵا گولەن دەڵێت هەموو هەڕەشەکانی سەر دیموکراسی تورکیا شەرمەزاردەکات

  • VOA News

فەتحوڵڵا گولەن کەسایەتی ئاینی تورکیا ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیشتەجێـیە و حکومەتی تورکیا بە بەرپرسی یەکەمی هەوڵی کودەتا سەربازیـیەکە تۆمەتباری دەکات، وتارێـکی لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکایی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نکوڵی دەکات لەوەی لە پشـت هەوڵەکەوە بووبێت و دەڵێت ئەو هەمیشە لە دژی کودەتای سەربازی بووە.

سەرەتا گولەن نووسیویەتی هەر لە میانەی هەوڵی کودەتا سەربازیـیەکەی ئەم مانگەی تورکیا، بە توندرین شێوە شەرمەزاری کردووە. دەڵێت دەبێت حکومەت لە ڕێکەی هەڵبژاردنی ئازاد و بێـگەرد بێتە سەر دەسەڵات نەک لە ڕێگەی هێزەوە. نزاش دەکات بۆ سەلامەتی تورکیا و خەڵکی تورکیا و هەموو ئەوانەی ئێستا لەوێن و هەروەها ڕەوشەکە بە ئاشتی و خێرایی چارەسەر بکرێت.

گولەن دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی بە ڕوون و ئاشکرایی هەوڵی کودەتاکەی شەرمەزارکردووە بە هاوشێوەی هەرسێ پارتە سەرەکیـیەکەی ئۆپـۆزسیۆن، بەڵام سەرۆکی زۆرداری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەستبەجی منی بە داڕشتنی هەوڵی کودەتاکە تاوانبارکرد. داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد لە ماڵەکەم لە پەنسلڤانیا کە لە ساڵی 1999 تیایدا دەژیم دەرم بکەن و ڕادەستیانم بکەن."

پاشان دەڵێت فەلەسەفەی ئەو بۆ چاکەی مرۆڤی هەموو بڕوادارەکانە کە ئەمەش لەگەڵ سەرهەڵدانی چەکداری یەک ناگرێتەوە. دەشڵێت بزوتنەوەکەی کە بە ناوی "خزمەت"ـە بۆ خزمەتی خەڵکە و لە زیاتر لە 150 وڵات خزمەت دەکەن لە بواری خوێندن و پـێشـکەشکردنی یارمەتی کۆمەڵایەتی.

لە بەشێـکی وتارەکەی هەروەها نووسیویەتی، لەم کاتەی دیموکراسیـیەکانی ڕۆژئاوا بە دوای دەنگی موسڵمانانی میانڕەو دەگەڕێن، من و هاوڕێـکانم لە بزوتنەوەی خزمەت بە ڕوون و ئاشکرایی هەڵوێستی خۆمان لە دژی توندڕەوی ڕاگەیاندووە، هەر لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ئەلقاعیدەوە هەتا دەگاتە کوشتنکاریـیە دڕندەکانی داعش و بە بارمتەگرتنەکانی بۆکۆحەرام. هەروەها ئەو توندوتیژیانەی کاتی هەوڵی کودەتاکەش شەرمەزاردەکەین.

فەتحوڵڵا گولەن لەم وتارەی لە نیویۆرک تایمز دەشڵێت بە درێژایی ژیانم بە ئاشکرایی و بە تایبەتی دەسـتێوەردانی لەشکریم لە سیاسەتی ناوخۆ شەرمەزارکردووە. لە ڕاستیدا بۆ دەیان ساڵە داوای دیموکراسی دەکەم. لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو 4 کۆدەتای سەربازی لە تورکیا بوون و بینیمان چۆن ئەو ڕژێمە لەشکریـیانە کەوتنە هەراسانکردن و زیندانیکردنی خەڵکی بە شێوەی نایاسایی. من هەرگیز نامەوێت خەڵکی وڵاتەکەم جارێـکی دیکە بەو مەینەتیـیە تێپەڕێتەوە. هەر کەسێـکیش هاوسۆزبێت لەگەڵ بزوتنەوەی خزمەت و بەشداری لە هەوڵی کودەتاکە کردبێت، ئەوا خیانەتی لە ڕێبازەکەم کردووە.

پاشان نووسیویەتی لەگەڵ ئەمانەشدا، نەک تەنیا تۆمەتەکانی بەڕێز ئەردۆغان بۆ من جێی سەرسوڕمان نین، بەڵکو ئەوانەشی ئاشکرایان دەکات لە بارەی ئەو خواستە بە بەرنامە و ترسناکەی هەیەتی بۆ حوکمڕانی تاکە کەسی.

XS
SM
MD
LG