ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه هاوڵاتیانی گواتیمالی به‌ره‌و بنکه‌کانی ده‌نگدان ده‌چن تاوه‌کو سه‌رۆکێـکی نوێ بۆ وڵاته‌که‌یان هه‌ڵبژێرن.
کاندیده‌کان پـێشبڕکی ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داویانه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی تاوان که باڵی به‌سه‌ر وڵاته‌که‌دا کێشـاوه.
دوایـین ڕاوه‌رگرتنی گشـتی له گواتیمالا نیشـانی داوه جه‌نه‌ڕاڵی خانه‌نشین ئۆتۆ پـێرێز له پـێشـه‌نگدایه، به‌ڵام ڕه‌نگه به‌و ئاسـته نا که زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌سـت بهێنێت و پـێویست به گه‌ڕێـکی دووه‌م له مانگی یازده‌دا نه‌کات. ڕکابه‌ری سه‌ره‌کی کاردار مانوێل بالدیزۆنه و به دوایدا ئێدوارد شوگێره. هه‌رسێـکیان کاندیدی لایه‌ن ڕاستن.
له میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا سه‌نگی خرایه سه‌ر ئه‌وه‌ی کێ باشترین کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاوان ده‌کات و به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به قاچاغچێتی تلیاکه‌وه هه‌یه.
براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که له مانگی یه‌کدا شوێنی سه‌رۆک ئالڤارۆ کۆلۆم ده‌گرێته‌وه، ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی زۆری لێـگیراوه له‌سه‌ر که‌منه‌کردنه‌وه‌ی تاوان له وڵاته‌که‌دا.