Accessibility links

یۆنان 214 ئاوارەی سوری دەستگیردەکات

  • VOA News

پۆلیس لە باکوری یۆنان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند 214 ئاوارەی سوریایان دەستگیرکردووە دوابەدوای پەڕینەوەیان لە ڕوبارێک کە سنورێکی سرووشتی وڵاتەکەیانە لەگەڵ تورکیا.

ئەمە دووهەمین پەڕینەوەی بەکۆمەڵە لەم دواییەدا لە روباری ئیڤرۆس. لەهەفتەی ڕابردوودا هەروەها 107 ئاوارەی سوری لەهەمان ناوچەکە دەستگیرکران.

کاربەدەستێکی پۆلیسی یۆنان بە ئەسوشییەتد پرێسی ڕاگەیاند ئەو ئاوارە سورییانەو و چەند کۆچبەرێکی تر دەیانویست سوود لە ئاستی ڕوبارەکە لە نزێک شاری سنووری ئۆرستیادا وەربگرن.

جێی ئاماژەیە کۆچبەران هەوڵ دەدەن ڕێگەیەکی ئەلتەرنەتیڤ بەرەو یەکیتی ئەوروپا بدۆزنەوە لەوەتای لە مانگی سێـیەوە ڕێگەی پەڕینەوەیان بەرەو دورگەکانی یۆنان لێگیراوە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی پەنابەرێتی بەرەو ئەوروپا.

لەلایەکی ترەوە وەزیری گەشەسەندنی ئەڵمانیا گوتی مایەی شەرمەزاریە زیا لە 70 هەزار ئاوارەی سوری بە برسێتی و توینێتی لە ناوچەیەکی بیابان لەسەر سنووری ئوردون ماونەتەوە و جیهان تەماشایان دەکات.

گرید میۆلەر ئەمڕۆ چوارشەممە داوایکرد وڵاتانی تر بێنەپێشەوە بۆ یارمەتیدانی زیاتر لە 5 ملیۆن ئاوارەی سوری، ئەوانەی لەوەتای ساڵی 2011 وە لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان هەڵاتوون و زۆربەیان لە ئوردون و تورکیا و لوبنان نیشتەجێبوون.

لە مانگی شەشدا حکومەتی ئوردون سنورەکانی داخست بە ڕووی ئاوارەکانی سوریا دوابەدوای تەقینەوەی ماشێنێکی بۆمبڕێژکراو و لەئاکامدا بە هەزارەها ئاوارەی سوری بەبێ خۆراک و ئاو لەو دەشتە ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG