Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ داوا لە ئەمەریکایـیەکان دەکات یارمەتی بدەن لە چاکسازی لە حکومەت


بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ داوا لە ئەمەریکایـیەکان دەکات ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت بدەن تاوەکو گۆڕانکاری و چاکسازیـیان تیادابکەن.

کۆشکی سـپی لەسەر ماڵپەڕی خۆی پەڕەیەکی بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکردووە و ئەمەریکایـیەکان دەتوانن لە ڕێگەیەوە دەزگا و ئۆفیسەکانی حکومەت دەستنیشان بکەن کە تێبینیان لەسەریان هەیە یان پـێشنیاریان بۆیان هەیە.

لە پەڕەکەدا 20 وەزارەت و دەزگای فیدراڵی دەسـتنیشانکراون لەگەڵ زیاتر لە 100 ئۆفیسی حکومی سەر بەو وەزارەت و دەزگایانە، لە نێویاندا دەزگای زانیاری ئەمەریکا CIA و هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی ناوخۆ.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەڵێت ئامانج لەم کارە کەمکردنەوەی خەرجیـیەکانی حکومەتە و زیاتر کاراکردنی دامودەزگاکانێتی لەگەڵ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی.

میک مەڵڤەینی بەڕێوەبەری ئۆفیسی بودجە و بەڕێوەبردن لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لە ڤیدیۆیەکی کورتدا لەسەر پەڕەکە دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی ئێجگار بڕیاری زۆری دەرکردووە کە نە ئەمەریکایـیەکان و نە سەرۆک ترامپ پـێیان باش نیـیە، بۆیە سەرۆک ترامپ داوای لێکردووە ڕاستیان بکاتەوە.

پاشان داوای لە هاوڵاتیان کرد بەسەرهاتی باش و خراپی خۆیان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت باسبکەن و چ پـێشنیار و بیرۆکەیەکیان هەیە بۆ باشترکردنی کارەکانی حکومەت.

یەکەم پـرسیار دەڵێت "کام دەزگایە چاکسازی تیادابکرێت؟ " پرسیارێکی دیکە نووسراوە "کام دەزگایە نەمێنێت؟"

سەرۆک ترامپ ڕەخنە و تێبینی زۆری لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەیە و لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی بە ئەمەریکایـیەکان دا ئەگەر هاتوو بوو بە سەرۆک، ئەوا کار بۆ چاکسازی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا دەکات.

XS
SM
MD
LG