Accessibility links

ناکۆکی له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی بۆ سیاسه‌ته‌ سـتراتیژیـیه‌کان له‌ عێراق ده‌که‌وێته‌وه‌

  • Goran Tawfeeq

کۆبوونه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی سیاسی عێراق له‌ هه‌ولێر،(ئه‌رشیفی وێنه‌ 8 ی یازده‌ی 2010)

کۆبوونه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی سیاسی عێراق له‌ هه‌ولێر،(ئه‌رشیفی وێنه‌ 8 ی یازده‌ی 2010)

ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی بۆ سیاسه‌ته‌ سـتراتیژیـیه‌کان جارێـکی تر و له‌ گرفتێـکی تردا، هاوپه‌یمانی نیشـتیمانی شیعه‌کان و لیسـتی عێراقیـیه‌ی ڕووبه‌ڕووی لێـدوانی دژ به‌ یه‌ک کرده‌وه‌.

نوێنه‌رانی ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی قانون که‌ باڵێـکی گه‌وره‌ی هاوپه‌یمانی نیشـتیمانی پـێـکده‌هێنن، پـێشـنیاریان کردووه‌ ئه‌یاد عه‌للاوی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی بێت بۆ سیاسه‌ته‌ باڵاکان نه‌وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ نوێـیه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر بێت و پـۆستی سه‌رۆکی هه‌بێت ئه‌وا کێشه‌یه‌کی قانونی بۆ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیـیه‌که‌ی عێراق دروسـت ده‌کات(سه‌رۆک کۆمار و سه‌ره‌ک وه‌زیر و سه‌رۆکی په‌رله‌مان)، به‌و پـێیه‌ی بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی بۆ سیاسه‌ته‌ سـتراتیژیـیه‌کان به‌ ڕاوێژکردن له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیـیه‌که‌ ده‌بێت. به‌م شێوازه‌ش سه‌رۆکایه‌تی ئه‌م پـۆسته‌ نوێـیه‌ وه‌ک سه‌رۆکی سه‌رۆکه‌کانی عێراق داده‌نرێت به‌ ڕاوبۆچوونی ئه‌ندامانی نوێنه‌ران له‌ کوتله‌ی ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی قانون.

به‌ڵام لیستی عێراقیـیه‌ و له‌سه‌ر زاری حه‌یده‌ر موللا گوته‌بێژی ئه‌و لیسـته‌ بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا گوتی:

" به‌و پـێیه‌ی حکومه‌تی هاوبه‌شی نیشـتیمانی پـێـکهات له‌ ڕوانگه‌ی ده‌ستپـێشخه‌ریـیه‌که‌ی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانیـیه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی بۆ سیاسه‌ته‌ باڵاکان یه‌کێـک بوو له‌و ڕێـکه‌وتنانه‌ی له‌سه‌ری پـێـکهاتوین که‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ بۆ لیستی عێراقیـیه‌ بێت و به‌ڕێز ئه‌یاد عه‌لـلاویش سه‌رۆکایه‌تی بکات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت حکومه‌ت به‌ ڕێـکوپـێـکی و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق به‌ڕێوه‌بچێت ده‌بێت به‌ند به‌ به‌ندی ڕێـکه‌وتنی سیاسی هه‌ولێر جێبه‌جێ بکرێت. لیستی عێراقیـیه‌ش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که‌ به‌ جه‌ماوه‌ری داوه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ک ئاماده‌کراوه‌ له‌ لایه‌ن لیستی عێراقیـیه‌ بۆ چاوخشـاندنه‌وه‌ به‌ ڕێـکه‌وتنی سیاسی و ئه‌و ته‌گه‌رانه‌ی هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌م ڕێـکه‌وتنی سیاسی هه‌رسێ لایه‌نه‌ سه‌ره‌کیـیه‌که‌ی عێراق."

شایانی باسه‌ به‌ پـێی ڕێـکه‌وتنه‌که‌ی هه‌ولێر که‌ هه‌رسێ لایه‌نی سه‌ره‌کی پـێـکهێنه‌ری حکومه‌تی نوێی عێراق ئیمزایان کردووه‌ له‌سه‌ری که‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌ ئیتیلافی کوتله‌ کوردسـتانیـیه‌کان و هاوپه‌یمانی نیشـتیمانی و لیستی عێراقیـیه‌ ڕازیبوون به‌وه‌ی ئه‌یاد عه‌لـلاوی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نیشـتیمانی بکات بۆ سیاسه‌ته‌ سـتراتیژیـیه‌کان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG