Accessibility links

دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم: تێبینیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر دابه‌شـکردنی پـۆسته‌کانی حکومه‌تی داهاتووی عێراق به‌پـێی خاڵ

  • Goran Tawfeeq

دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم

دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم

پـێـکهێنانی حکومه‌تی داهاتوو له‌ لایه‌ن نوری ئه‌لمالیکیـیه‌وه‌ چاوه‌ڕێی میکانیزمێـک ده‌کات که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان کۆده‌نگ بن له‌سه‌ری وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ دابه‌شـکردنی پـۆسته‌ وه‌زاریـیه‌کان.

میکانیزمی خاڵ پاش ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی دانوسـتانکاری هاوپه‌یمانی شیعه‌کان پـێشـنیاری ئه‌وه‌ی کردووه‌ هه‌رسێ پـۆسته‌ سه‌روه‌ریـیه‌که‌ی عێراق (سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیری و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق) ده‌ خاڵیان بۆ دیاریبکرێت و جێـگره‌کانیشیان 5 خال و پـۆسته‌ سیادیـیه‌کانیش 3 خاڵ و خزمه‌تگوزاریـیه‌کانیش 1.5 خاڵ، به‌و پـێیه‌ی بۆ هه‌ردوو کورسی په‌رله‌مان 1.28 خاڵ دیاریبکرێت.

هاوپه‌یمانی کوردسـتانی به‌پـێی ئه‌م میکانیزمه‌ 19 خاڵ و نیوی به‌رده‌که‌وێت، واته‌ 10 خاڵی لێ‌که‌م‌ده‌کرێته‌وه‌ بۆ پـۆستی سه‌رۆک کۆمار و 5 خاڵیش بۆ جێـگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ته‌نها 4.5 خاڵی ده‌مێنێته‌وه‌. یه‌ک وه‌زاره‌تی سیادی و وه‌زاره‌تێـکی خزمه‌تگوزاری به‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌م دابه‌شـکردنه‌ جێـگه‌ی ڕه‌خنه‌ی توندی زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانه‌ و لایه‌نی کوردیش له‌سه‌ر زاری دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردسـتانیه‌وه‌ گوتی ئێمه‌ تێبینی خۆمان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی به‌کارهێنانی خاڵ بۆ دیاریکردنی پـۆسته‌کان و ئه‌و شێوه‌یه‌ قبوڵ ناکه‌ین. ده‌شڵێت مه‌رج نیـیه‌ ئه‌و میکانیزمه‌ به‌کاربهێنرێت.

پاشان دکتۆر نه‌جمه‌دین ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر باش له‌و میکانیزمه‌ وردبیته‌وه‌، ده‌رده‌که‌وێت مه‌سه‌له‌ی خاڵه‌کان نه‌ک ته‌نها هاوپه‌یمانی کوردسـتانی هیچی به‌رناکه‌وێت یان زۆر که‌می به‌رده‌که‌وێت، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت عێراقیـیه‌ش و هاوپه‌یمانی نیشـتمانیش خۆشی هیچی وه‌های به‌رناکه‌وێت.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 3:30 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG