Accessibility links

سه‌رۆکی عێراق داوا له‌ لیستی عێراقیـیه‌ ده‌کات له‌ به‌رامبه‌ر مالیکی هه‌ڵوێسـتێـکی به‌ په‌له‌ وه‌رنه‌گرن

  • Goran Tawfeeq

کۆبوونه‌وه‌یه‌کی نێوان سه‌رۆکی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌یاد عه‌لـلاوی سه‌رۆکی لیستی ئه‌لعێراقیه‌، (ئه‌رشیفی وێنه‌)

کۆبوونه‌وه‌یه‌کی نێوان سه‌رۆکی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌یاد عه‌لـلاوی سه‌رۆکی لیستی ئه‌لعێراقیه‌، (ئه‌رشیفی وێنه‌)

ئه‌گه‌ر چی وه‌ها بڕیاردرابوو پاش دوو هه‌فته‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی پـێشووی سه‌رکرده‌ سیاسـیـیه‌کانی عێراق سێهه‌م و کۆتا کۆبوونه‌وه‌ی بانگهێشـته‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌، واته‌ 23 ی مانگی حه‌وت ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ سـازبکرایه‌، به‌ڵام هێشـتا و ئێسـتاشی له‌گه‌ڵدا بێت لایه‌نه‌ به‌شـداربووه‌کانی ئه‌و دانوسـتاندنه‌ ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه‌ له‌ واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌که‌.

مه‌یسون ده‌مه‌لوجی گوته‌بێژی لیسـتی عێراقیـیه‌ ڕایگه‌یاند جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری عێراق داوای له‌ لیسته‌که‌یان کردووه‌ هیچ بڕیارێـک و هه‌ڵوێسـتێـکی به‌ په‌له‌ وه‌رنه‌گرن، چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌رکرده‌ی کوتله‌ سیاسیـیه‌کان بکه‌ن. له‌ به‌رامبه‌ریشـدا گوته‌بێژه‌که‌ی لیسـتی عێراقیـیه‌ ڕایگه‌یاند لیسته‌که‌یان ڕێز له‌ داواکاریـیه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار ده‌گرێت.

شایانی باسه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسـته‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراقیش پاش ئه‌وه‌ دێت له‌ دوا کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی نێو لیسـتی عێراقیـیه‌دا بڕیار درا داوابکرێت متمانه‌ له‌ حکومه‌ته‌که‌ی نوری ئه‌لمالیکی وه‌ربگرێت و هه‌ڵبژاردنی پـێش‌وه‌ختیش ئه‌نجام بدرێت. هه‌روه‌ها لیژنه‌ی دانوسـتاندنی لیسته‌که‌شیان کۆبوونه‌وه‌کانی خۆی ڕابگرێت له‌گه‌ڵ ئیتلافی ده‌وڵه‌تی یاسادا.

هه‌موو ئه‌م هه‌ڕه‌شـانه‌ی لیسـتی عێراقیـیه‌ پاش ئه‌وه‌ دێت که‌ نوری ئه‌لمالیکی تۆمه‌تبارده‌که‌ن به‌وه‌ی پابه‌ند نابێت به‌ ڕێـکه‌وتنی سیاسی هه‌ولێره‌وه‌ که‌ وه‌ک بنه‌مایه‌ک حکومه‌تی هاوبه‌شی نیشـتیمانی له‌سه‌ر پـێـکهاتووه‌. له‌ ئێسـتاشـدا باس له‌ کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌رکرده‌ سیاسیـیه‌کانی عێراق ده‌کرێت که‌ چه‌ند ته‌وه‌رێـکی گرنگی تێدایه‌ و بڕیاری کۆتایی بۆ ده‌رده‌چێت له‌وانه‌ پابه‌ندبوون به‌ ڕێـکه‌وتنی هه‌ولێر و چاره‌سه‌رکردنی خاڵه‌ ناکۆکه‌کان و هه‌روه‌ها هه‌ڵوێسـتی کۆتایی له‌سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ یان کشـانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریکا له‌ خاکی عێراق.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ی گۆران تۆفیق په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ به‌غدا بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 4:23 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG