Accessibility links

به‌رنامه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی لوتکه‌ی عه‌ره‌بی له‌ به‌غدا

  • Goran Tawfeeq

عه‌لی ده‌باغی گوته‌بێژی حکومه‌تی عێراق و سه‌رۆکی لیژنه‌ی ڕاگه‌یاندنی لوتکه‌ی عه‌ره‌بی به‌غدا ڕایگه‌یاند له‌ ڕۆژی 25 ی مانگی ئازاره‌وه‌، واته‌ یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتوو تاوه‌کو یه‌کی نیسـانی مانگی داهاتوو له‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگا حکومیـیه‌کانی شـاری به‌غدا به‌ فه‌رمی پـشـوو ده‌بێت، وه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی حکومه‌تی عێراقیش له‌ ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمی ئه‌لعێراقیـیه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی 100 هه‌زار که‌س له‌ هێزی ئه‌منی و پـۆلیس و سه‌ربازی عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایشی لوتکه‌ی عه‌ره‌بی به‌سه‌ر ته‌واوی شه‌قام و گۆڕه‌پان و ناوچه‌کانی به‌غدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

هاوکات به‌هۆی سه‌دان خاڵی پـشـکنینیش له‌ شه‌قامه‌کاندا هاتوچۆ له‌ ڕێگا و بانه‌کانی به‌غدا سه‌خت بوون‌ و ده‌یان ڕێگه‌ی سه‌ره‌کی نزیک ناوچه‌ی سه‌وزیش به‌ به‌ربه‌سـتی کۆنکرێتی داخراون. ئه‌مه‌ له‌ کاتێـکدایه‌ په‌رله‌مانتارێـکی سه‌ر به‌ لیستی ئه‌لعێراقیـیه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌لعه‌لوانی ئاشـکرای کردووه‌ نوری ئه‌لمالیکی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق له‌ فه‌رمانێـکدا هێزه‌ ئه‌منیـیه‌کانی پاراستنی لوتکه‌ی عه‌ره‌بی ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی له‌م ڕۆژنامه‌دا له‌ لایه‌ن نووسینگه‌که‌یه‌وه‌ ناوی ئه‌و که‌سانه‌یان پـێده‌گات که‌ به‌شـداری له‌ کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌ی عه‌ره‌بی ده‌که‌ن.

به‌ پـێچه‌وانه‌وه‌ هیچ وه‌زیرێـک و په‌رله‌مانتارێـک و سه‌رۆکی کوتله‌یه‌ک ناوی له‌و لیسته‌دا نه‌بوو بۆی نیـیه‌ بچێته‌ ناو هۆڵی تایبه‌ت به‌ کۆبوونه‌وه‌کانی لوتکه‌ی عه‌ره‌بی.

شایه‌نی باسه‌ به‌پـێی ئه‌و زانیاریـیانه‌ی ده‌سـتی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا که‌وتوون، ڕۆژی یه‌که‌می لوتکه‌ی عه‌ره‌بی 27 ی ئه‌م مانگه‌یه‌ و به‌ کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ئابوری ده‌سـتپـێده‌کات و له‌ 28 ی مانگیشـدا وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی کۆده‌بنه‌وه‌ بۆ ئاماده‌کردنی ڕاسپارده‌ی بڕیاره‌کانی لوتکه‌. هه‌ر له‌ ڕۆژی دووه‌میشـدا گفتوگۆ له‌ باره‌ی ڕاسپارده‌کانه‌وه‌ ده‌کرێت به‌ ئاماده‌بوونی حه‌فتا که‌سایه‌تی به‌یانی و عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها 70 که‌سایه‌تی عێراقیش، به‌ڵام مافی قسه‌کردن و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌که‌ نیـیه‌.

له‌ ڕۆژی 29 ی ئه‌م مانگه‌شـدا که‌ دوا ڕۆژی لوتکه‌یه‌ سه‌رۆک و پاشای وڵاتانی عه‌ره‌بی کۆده‌بنه‌وه‌ و سه‌رۆکایه‌تیـیه‌که‌ش عێراق ده‌یکات له‌ لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆمار و نه‌بیل عه‌ره‌بی ئه‌مینداری گشـتی کۆمکاری عه‌ره‌بیش له‌ ته‌نیشتی داده‌نیشێت.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌شـدا شـاندی وڵاتانی به‌شـدار له‌ حه‌وت که‌س پـێـکدێت، له‌ سه‌رۆکی شـاند و 6 که‌سی هاوه‌ڵی. شاندی عێراقیش نوری ئه‌لمالیکی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات و یه‌کێـک له‌و 6 که‌سه‌ هوشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یه‌. پـێـنج ئه‌ندامه‌که‌ی تریش که‌ نوێنه‌رایه‌تی عێراق ده‌که‌ن به‌ ڕاوێژکردن تاڵه‌بانی و مالیکی ده‌سـتنیشـانیان ده‌که‌ن.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 2:13 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG