Accessibility links

کێشه‌ی گرێبه‌سته‌ کشتوکاڵیـیه‌کانی که‌رکوک

  • Goran Tawfeeq

کێشه‌ی گرێبه‌سته‌ کشتوکاڵیـیه‌کانی که‌رکوک

کێشه‌ی گرێبه‌سته‌ کشتوکاڵیـیه‌کانی که‌رکوک

عومه‌ر جبوری نوێنه‌ری عه‌ره‌بی که‌رکوک له‌ په‌رله‌مانی عێراق و هاوکات سه‌ر به‌ لیستی عێراقیـیه‌ داوا ده‌کات گرێبه‌سته‌ کشتوکاڵیـیه‌کانی که‌ به‌ بڕیاری ڕژێمی پـێشـووی حزبی به‌عس ئه‌نجام دراوه‌ و له‌ سـاڵی 2007 دا به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، جبوری داوا ده‌کات وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌، که‌ زیاتر له‌ 1.25 ملیۆن دۆنمی زه‌وی جوتیارانی کورد و تورکمانه‌ و به‌ بڕیاری سه‌رکردایه‌تی به‌عسیـیه‌کان به‌سه‌ر عه‌ره‌به‌ هاورده‌کانی پارێزگای که‌رکوکدا دابه‌شکراوه‌.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێـکدایه‌ ئه‌رشه‌د سـاڵحی نوێنه‌ری تورکمانی پارێزگای که‌رکوک که‌ سه‌ر به‌ لیسـتی عێراقیـیه‌شه‌ هاوده‌نگ نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و بیروبۆچوونه‌ی جبوری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی کرد که‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی لیسـتی عێراقیـیه‌ پـشـتیوانی و پـشـتگیریان کرد.

ئه‌رشه‌دی ئه‌م هه‌وڵه‌ی عه‌ره‌به‌کانی که‌رکوکی به‌ ناحه‌ق ناوبرد دژ به‌ جوتیارانی کورد و تورکمان که‌ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و زه‌ویـیانه‌ن. نوێنه‌رانی کوردیش نیگه‌رانی خۆیان بۆ پاڵپـشـتی لیسـتی عێراقیـیه‌ ده‌ربڕی له‌ په‌رله‌مانتارێـکی عه‌ره‌بی که‌رکوک که‌ تاوه‌کو ئێسـتا شـانازی به‌ بڕیاری دوژمنکاریـیه‌که‌ی ڕژێمی سه‌دام ده‌کات که‌ زیاتر له‌ 50 هه‌زار داوا له‌ دادگای عێراقی له‌ لایه‌ن جوتیارانی کورد و تورکمانه‌وه‌ تۆمارکراوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویـیه‌ کشـتوکاڵیـیانه‌ی که‌ زه‌وتکراوه‌ له‌ خاوه‌نه‌کانیان و له‌ پاش ڕزگارکردنی عێراقه‌وه‌ ته‌نها به‌شێـکی که‌می له‌ ژێر ڕۆشـنایی به‌ندی 140 ی ده‌سـتوردا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ جوتیارانی کورد و تورکمان.

خالید شـوانی وه‌ک نوێنه‌ری کوردی پارێزگای که‌رکوک له‌ په‌رله‌مانی عێراق و هاوکات سه‌ر به‌ لیستی هاوپه‌یمانی کوردسـتانی بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا گوتی" هه‌موو ئه‌م موڵکانه‌ له‌ سه‌ره‌تا موڵکی کورد و تورکمان بوون، کورد به‌ پله‌ی یه‌ک و دواتر تورکمان، وه‌ 1.250 ملیۆن دۆنم زه‌وی کشتوکاڵی له‌ که‌رکوک داگیرکراوه‌ و به‌سه‌ر عه‌ره‌بدا به‌خشراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئێسـتاکه‌ ڕووده‌دات گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌یه‌ (مافی موڵـکدارێتی) بۆ خاوه‌ن ڕه‌سه‌نه‌کانیان. بۆیه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وان که‌ داکۆکی له‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، داکۆکیکردنه به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ ‌ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ سیاسه‌ته‌کانی ڕژێمی پـێشوو که‌ به‌ مه‌به‌سـتی ته‌عریبکردنی شـاری که‌رکوک ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی په‌یڕه‌وکردووه‌. ئه‌مه‌ش ته‌نها ڕاگه‌یاندنێـک بووه‌ هه‌تا ڕای گشـتی عه‌ره‌بی و عێراقی وه‌ها تێبگه‌یه‌نن که‌وا کورد له‌ شـاری که‌رکوک زوڵم له‌ عه‌ره‌ب ده‌کات."

خالید شوانی ده‌شـڵێت " له‌ به‌رامبه‌ر‌دا وه‌ڵامه‌که‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌وه‌ کورده‌ له‌ شـاری که‌رکوک زوڵمی لێـده‌کرێت و ئه‌وه‌ ئه‌وانن ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که‌ پـێشـووتر کوردی ڕاگواسـتووه‌ و گونده‌کانی کوردی ڕووخاندووه‌ و موڵکی کوردی به‌ ناوی که‌سـانی عه‌ره‌به‌وه‌ و وه‌زاراته‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌‌ تۆمارکردووه‌. ده‌شڵێت هه‌رچی به‌ڵگه‌ی قانونی و ده‌سـتوری هه‌یه‌ خسـتومانه‌ته‌ ڕوو."

جێـگای ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ گرێبه‌ستی زه‌ویـیه‌ کشـتوکاڵیـیه‌کان یه‌کێـکه‌ له‌و کێشـانه‌ی له‌ به‌ندی 140 ی ده‌سـتوری عێراقدا باسی لێوه‌کراوه‌ و یه‌کێـکه‌ له‌و خاڵانه‌ی کورد و تورکمانی یه‌ک ده‌نگ کردووه‌ به‌رامبه‌ر به‌و زوڵمه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ خاوه‌نداری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ کشـتوکاڵـیانه‌ کراوه‌ که‌ ڕژێمی پـێشـووی عێراقدا ئه‌نجامدراوه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG