Accessibility links

ڕاپـۆرتێـکی نێودەوڵەتی دەڵێت قوربانیانی هێرشی تێرۆرستی لە جیهاندا لە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە


ئنستتیوتی ئابوری و ئاشتی IEP ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان و هێرشەکانیان دەکات لە ماوەی ساڵی 2015 ، ئەمەش پاش لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ورد لە بارەیانەوە.

ڕاپـۆرتەکە Global Terrorism Index 2016 کە لە 100 لاپەڕە پـێکهاتووە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، تیایدا هاتووە ژمارەی قوربانیانی هێرشە تێرۆرستیـیەکان لە ساڵی 2015 بەراورد بە ساڵی 2014 بە ڕێژەی 10% هاتووەتە خوارێ، بەڵام ژمارەی قوربانیان لە وڵاتە پـێشکەوتووەکاندا بە ڕێژەی 650% زیادیانکردووە.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی قوربانیـیانی ئاکامی هێرشە تێرۆرستیـیەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ لاوازبوونی داعش لە عێراق و سوریا و گروپی بۆکۆ حەرام لە نەیجیریا. دەڵێت لە ساڵی ڕابردوو 29 هەزار و 376 کەس بەهۆی هێرشەکان گیانیان لەدەسـتداوە، واتە 3 هەزار و 338 کەس کەمتر بەراورد بە ساڵی 2014 .

ئەو وڵاتانەشی زۆرترین زیانیان بەهۆی تێرۆرەوە پـێگەیشتووە بریتین لە عێراق و ئەفغانستان و نەیجیریا و پاکستان و سوریا. بەپـێی ڕاپـۆرتەکە 72% ی ئەو کەسانەی بەهۆی تێرۆرەوە لە ساڵی 2015 لە جیهاندا گیانیان لەدەسـتداوە لەم پـێنج وڵاتە بوون. عێراق لە پلەی یەکەمە و 2415 هێرشی تێرۆرستی لێکراوە کە بەهۆیانەوە 6960 کەس کوژراون و 11900 کەس برینداربوون و 519 بینا و ماڵ و بازاڕ زیانیان پـێکەوتووە.

دەشڵێت لە 21 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئابوری و گەشەپـێدان کە بریتین لە 34 وڵات، هێرشی تێرۆرستی ئەنجام دراون. ئەم ڕێکخراوە وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا تیایدا ئەندامن.

هەروەها داعش لە ساڵی 2015 لە 11 وڵات (عێراق، سوریا، فەڕەنسا، لوبنان، ئوردن، تورکیا، سعودیـیە، سۆماڵ، تونس، بەحرەین، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینیـیەکان) هێرشی تێرۆرستی ئەنجامداوە.

باس لەوەش دەکات داعش لە ماوەی ساڵی 2015 داهاتی 2 ملیار دۆلار بووە و سەرچاوەی سەرەکی بە قاچاغفرۆشتنی نەوت بووە.

XS
SM
MD
LG