Accessibility links

پـۆلیسی ئەڵمانیا ماڵی 4 ئیمامی مزگەوت دەپشکنێت بە گومانی سیخوڕی بۆ تورکیا

  • VOA News

مزگەوتێـکی تورکەکان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا

پـۆلیسی ئەڵمانیا داویەتی بەسەر ئەپارتمانی 4 وتاربێژی مزگەت بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حکومەتی تورکیا لە ئەڵمانیا.

هێزەکانی پـۆلیس ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەردوو هەرێمی نۆرد ڕاین ڤستڤالیا و ڕاینلەند-پالاتینات دایان بەسەر چوار ئەپارتماندا بە مەبەستی پشـکنین و دۆزینەوەی بەڵگە بیسەلمێنێت ئەو چوار ئیمامە سیخوڕیـیان بۆ تورکیا کردووە.

ئۆفیسی داواکاری گشتی فیدراڵی (GBA) لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند ئەم 4 ئیمامە کاریان کردووە بەپـێی بڕیارێـک لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئاینی تورکیا لە 20 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو دەرچووبوو، پاش هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە، ئەوەی ئەنکەرە دەڵێت بزوتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن لە پشتەوەی بووە.

هایکۆ ماس وەزیری دادی ئەڵمانیا گوتی ئەم چوار ئیمامە ئەندامی دەزگای Ditib ی نێو ئەڵمانیان، ئەوەی بەرپـرسە لە هێنانی ئیمامی مزگەوت لە تورکیاوە تاوەکو لە مزگەوتەکانی ئەڵمانیادا وتاربێژی بکەن بۆ نزیکەی 3 ملیۆن کەسی ڕەوەندی تورک لە وڵاتەکەدا.

گوتیشی "زۆر ڕوون و ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا کاریگەری زۆری بەسەر Ditib هەیە."

لەوەتای مانگی ڕابردووەوە ئۆفیسی داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا دەسـتیکردووە بە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کارە سیخوڕیـیەکانی موخابەراتی تورکیا لەسەر خاکی ئەڵمانیا، ئەمەش پاش ئەوەی پەرلەمانتارێـک سکاڵایەکی لەم بارەیەوە تۆمارکرد.

XS
SM
MD
LG