Accessibility links

ئەڵمانیا گەورە دیپـلۆماتی تورکیا لە وڵاتەکەی بانگهێشت دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گەورە دیپـلۆماتی تورکیای لە بەرلین بانگهێشت کردووە بۆ دەربڕینی نیگەرانی لە بەرامبەر دەسـتگیرکردنی ڕێبەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).

وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینی گوتی فرانک ڤاڵتێر شتاینمەیەر وەزیری دەرەوە کاربەڕێکەری تورکیای بۆ وەزارەتەکە بانگهێشتکردووە لەسەر ئەو پـێشهاتە مەترسیدارانەی ناو تورکیا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە لەم بارەیەوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەنکەرە مافی خۆیەتی ڕووبەڕووی تێرۆر ببێتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی خۆی بگرێتەبەر لە بەرامبەر هەوڵی کودەتا خوێناویـیەکەی مانگی حەوت، بەڵام نابێت ئەمانە ببنە بەهانەیەک بۆ دەمکوتکردنی ئەندامانی ئۆپـۆزسیۆن یان دەسـتگیرکردنیان.

گوتیشی بەرلین بەو پـێـیەی پەیوەندی قوڵی لەگەڵ تورکیا و خەڵکەکەی هەیە ناتوانێت بەبێ دەنگی بمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکە فێدریکا مۆغرینی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەویش نیگەرانی قوڵی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕێوە و لە تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی " زۆر نیگەرانین لە بەرامبەر دەسـتگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتارەکانی دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان."

هەروەها نوسیویەتی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتداران کردووە و داوا دەکات باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا لە ئەنکەرە کۆببنەوە.

XS
SM
MD
LG