Accessibility links

وەزیری ئابوری ئەڵمانیا: ڕەنگە پـیاداچوونەوە بکەین بە فرۆشتنی چەک بە سعودیـیە


وەزیری ئابوری ئەڵمانیا دەڵێت ڕەنگە وڵاتەکەی زیاتر لە هەناردەکانی چەکی بۆ عەرەبسـتانی سعودیـیە وردببێتەوە، پاش ئەوەی ئەو مەملەکەتە ڕۆژی شەممە سزای مەرگی بەسەر دەیان کەس جێبەجێکرد.

زیگمار گابرێل ڕۆژی دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی " دەتوانین بەدی بکەین کە کارێکی ڕاستبوو تانک یان چەکی ئۆتۆماتیکی جۆری G36 نەفرۆشرا بە عەرەبسـتانی سعودیـیە. ئێسـتاش دەبێت پـیاداچوونەوە بکەین کە ئایا پـێویستە لە ئایندە سەوداکانی پەیوەست بە چەکی بەرگریش هەڵبسەنگێنین یان نا."

گوتەبێژێـکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی بەرلین بەنیاز نیـیە لەسەر ئەم سزای مەرگانە سزا بەسەر ڕیازدا بسەپێنێت. وەزارەتی ئابوری ئەڵمانیا لە ڕابردوو ڕێگەی نەداوە چەک بە سعودیـیە بفرۆشرێت و هەروەها لە دەسەڵاتیدا هەیە مۆڵەت بە هەناردەکردن نەدات.

هاوکات هەندێک لە پارتەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە خانەی خوارەوەی پەرلەمان داوایانکردووە دەستبەجێ هەناردەی چەک بۆ عەرەبسـتانی سعودیـیە ڕابگیرێت، ئەمەش وەک کاردانەوە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای مەرگ بەسەر 47 کەس کە یەکێـکیان کەسایەتیـیەکی شیعەی ناوداربوو.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەڵمانیا پێشتر چەکی بۆ سعودیـیە فرۆشتووە و بەپـێی ڕاپـۆرتێـکی وەزارەتی ئابوری ئەڵمانیا کە لە مانگی دەی سـاڵی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، ئەڵمانیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2015 بە بەهای 192 ملیۆن دۆلار چەکی بە سعودیـیە فرۆشتووە.

XS
SM
MD
LG