Accessibility links

ئەڵمانیا: داعش بۆ فریدودانی نەوجەوانان کەسانی فێڵباز لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دادەنێت


هانس جۆرج ماسن، سەرۆکی دەزگای زانیاری ناوخۆی ئەڵمانیا
هانس جۆرج ماسن، سەرۆکی دەزگای زانیاری ناوخۆی ئەڵمانیا

سەرۆکی دەزگای زانیاری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت داعش کەسانی فێڵباز، ئەوانەی ئەتوانن مێشکی گەنجان بشۆنەوە، لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دادەنێت بۆ فریودانی نەوجەوانانی تەمەن 13 یان 14 ساڵ.

هانس جۆرج ماسن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەرلین بە ڕۆژنامەوانانی گوت داعش بە هاوشێوەی بزوتنەوە ڕادیکاڵەکانی پـێشووی وەکو کۆمۆنیستەکان و نەتەوەپەرستەکانی ئەدۆڵف هیتلەر هەوڵ دەدەن ئەو نەوجەوانانە فریو بدەن کە خواستیان هەیە لە باوک و دایکیان و کۆمەڵگەکەیان یاخی بن.

گوتیشی ئەو فێڵبازانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان خۆیان لەو نەوجەوانانە نزیک‌دەخەنەوە و وەهایان لێدەکەن گرنگی بە ئاینی ئیسلامی بدەن و پاشان وردە وردە بەرەو توندڕەویـیان دەبەن.

نمونەی هێنایەوە، لەوانە کچێـکی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک مەغریبی کە ناوی سەفیەیە و تەمەنی 16 ساڵە، لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوو لە وێستگەی شەمەندەفەری هانۆڤەر پـۆلیسێـکی بەر چەقۆ دابوو. هەروەها کوڕێـکی عێراقی تەمەن 12 ساڵ کە لە مانگی دوازدەی ڕابردوو هەوڵی دابوو دوو بۆمب لەو شارۆچکەیە بتەقێنێتەوە کە لەخۆی گرتبوو.

گوتیشی نزیکەی 20% ی ئەو 900 کەسەی مەزەندەدەکرێت لە ئەڵمانیاوە پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبێت لە عێراق یان لە سوریا ژن و کچن و هەندێـکیان تەمەنیان 13 ساڵ و 14 ساڵە.

XS
SM
MD
LG