Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەڵمانیا ڕاگەیاند


داعش دەڵێت ئەو هێرشەی شەوی دووشەممە لە لایەن پەنابەرێـکی ئەفغانیـیەوە بە چەقۆ و چەکوش کرایە سەر خەڵکی لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە باشوری ئەڵمانیا، گروپەکەیان لێی بەرپـرسیارە.

ئەمڕۆ سێشەممە داعش لەسەر ئنتەرنێت ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا کوڕێـکی گەنج چەقۆیەکی بەدەسـتەوەیە و بە زمانی پەشتۆن هەڕەشە لە خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات و دەڵێت لە ناوجەرگەی ماڵەکانتاندا سەرتان دەبڕین. هەروەها بە شان‌وباڵی داعش هەڵدەدات.

داعش لە سەرەتای ڤیدیۆکە نووسیویەتی (محمد ریاض) ئەمە ئەو چەکدارەی داعشە کە هێرشەکەی فۆرتسبێرگی ئەڵمانیای ئەنجامداوە.

لە لایەکی دیکە پـۆلیسی ئەڵمانیا ئاپەرتمانی هێرشبەرەکە گەڕاون و تیایدا ئاڵای داعشیان دۆزیوەتەوە کە بە دەست دروستکراوە.

شایەنی باسە کاربەدەسـتانی ئەڵمانیا دەڵێن نزیکەی کاژمێر 9 ی شەوی دووشەممە لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری نێوان هەردوو شاری ترۆیچلینگن و فۆرتسبێرگ لە هەرێمی پافاریا پەنابەرێـکی ئەفغانی تەمەن 17 ساڵ بە چەقۆ و چەکوش هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی و لە ئاکامدا 4 کەس برینداربوون و پاشان هێرشبەرەکە بە گولـلەی پـۆلیس کوژراوە. دەڵێن کاتێـک هەوڵی هەڵاتنی دابوو هاواری کردووە (الله اکبر).

XS
SM
MD
LG