Accessibility links

کاربەدەسـتانی ئەڵمانیا گومان دەکەن چەکدارانی داعش لە نێو کۆچبەران هاتبنە ناو وڵاتەکەیانەوە


پـۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا دەڵێت لێکۆڵینەوە لە 40 کەیسدا دەکات کە گومان دەکرێت چەکداری سەر بە داعش هاتبنە ناو وڵاتەکەیەوە لە نێو ئەو پەنابەرە زۆرەی لەم دوایـیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون.

گوتەبێژی پـۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی 369 حاڵەتی ئاگادارکردنەوەیان پـێگەیشتووە سەبارەت بە کەسانێـک کە گومان دەکرێت توندڕەوی ئیسلامی بن و هاتبنە ناو وڵاتەکەوە، 40 لەوانە کەیسی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە چ لە لایەن دەسەڵاتدارانی فیدراڵی یان هەرێمی.

ئەم ژمارەی حاڵەتانە دوو هێندەی ئەوانەیە کە لە سەرەتای مانگی یەکدا تۆماکرابوون کە 213 حاڵەت بوون و لێکۆڵینەوە لە 18 یان کراون، ئەمەش مەترسیـیەکان لە ئەڵمانیا زیاتر دەکەن کە هەتا ئێستا هێرشی تێرۆرستی گەورەی بە هاوشێوەی ئەوانەی فەڕەنسا و بەلجیکای لێی ڕووی نەداوە.

پـێشتر حکومەتی ئەڵمانیا لە مەترسیـیەکانی هاتنی چەکدارانی داعش بۆ ئەوروپا لە نێو پەنابەراندا کەمکردەوە، تاوەکو نیگەرانی لە نێو خەڵکیدا دروسـت نەبێت لە بارەی ئەو 1.1 ملیۆن کەسەی سـاڵی ڕابردوو بە مەبەستی بەدەسـتهێنانی مافی پەنابەری ڕوویان لە ئەوروپا کرد.

بەڵام هانز جۆرج ماسن سەرۆکی دەزگای زانیاری ناوخۆی ئەڵمانیا هەفتەی ڕابردوو لە کۆنفراسێـکدا گوتی هەرچەند زۆر ڕێگە هەن بۆ ناردنی چەکدار بە قاچاخ، بەڵام وەها پـێدەچێت داعش هەندێـک چەکداری لە ڕێگەی بەڵقانەوە لە یۆنانەوە ڕەوانەکردبێت بە مەبەستی دروستکردنی نیگەرانی سەبارەت بە پەنابەران و هەروەها ناردنی پەیامێـکی سیاسی.

پاشان ئەم کاربەدەسـتەی ئەڵمانیا گوتی " لێتان ناشارمەوە، من نیگەرانم لەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانە کە نازانین کێن، چونکە کە هاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە هیچ ناسنامەیەکیان پـێ نەبووە."

XS
SM
MD
LG