Accessibility links

پەرلەمانی ئەڵمانیا بەشداریکردنی لەشکری وڵاتەکەی لە شەڕی داعش پەسەندکرد


پەرلەمانی ئەڵمانیا پـرۆژە بڕیارێـکی پەسەندکرد بۆ بەشداریکردنی لەشکری وڵاتەکەیان لەو هەڵمەتە لەشکریـیەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش ئەنجام دەدات.

ڕۆژی هەینی لە دەنگدانێـکدا کە تیایدا 598 پەرلەمانتار بەشداریـیان کرد 445 یان بە ئەرێ دەنگیان دا و 146 یان بە نەرێ. 7 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.

ئەوانەی لە دژی بڕیارەکەن، مەترسیـیان هەیە داعش لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە تۆڵە لە وڵاتەکەیان بکاتەوە، بەڵام ئەوانەی پشـتیوانیان لە بڕیارەکە کرد دەڵێن نابێت لە بەردەم تێرۆردا خۆمان بەدەستەوە بدەین.

هەرچەندە بڕیارەکە ڕێگە بە بەشداریکردنی لەشکری ئەڵمانیا دەدات لە شەڕی دژی داعش، بەڵام تیایدا نیـیە فڕۆکە ئەڵمانیـیەکان بۆردومانی داعش بکەن. چاوەڕوان‌دەکرێت نزیکەی 1200 سەربازی ئەڵمانی ڕەوانەی تورکیا و کوەیت و قەتەر و وڵاتی دیکە بکرێن تاوەکو یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بدەن.

بڕیارە شەش فڕۆکەی تۆرنادۆی جۆری دیدەوانی ڕەوانە بکرێن لەگەڵ کەشتیـیەکی جەنگی بۆ یارمەتیدان لە پاراستنی کەشتی فڕۆکە هەڵگری شارڵ دی گۆلی فەڕەنسا کە لە ئێستادا لە دەریای ناوەڕاست لە نزیک سوریاوە جێگیربووە.

هەروەها ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 134 ملیۆن یورۆ بۆ ئەم ئەرکە دراوە کە دەکاتە نزیکەی 145 ملیۆن دۆلار.

XS
SM
MD
LG